ئەمشەو ریال مەدرید یاری دەکات و هەست بە دڵەڕاوکە ناکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یانەی ریال مەدرید لە درێژەی یارییەکانی خولی ئیسپانیا میوانداریی یانەی سێلتا ڤیگۆ دەکات.
یارییەکەی ریال و سێلتا لە کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت، لە گەڕی 30 خولی یانەکانی ئیسپانیا.
مێرێنگی بۆ یارییەکەی ئەمشەو پێشبینی دەکرێت کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید گۆڕانکاریی زۆر لە پێکهاتەکەیدا نەکات، بەڵام پشوو بە چەند یاریزانێک دەدات بە تایبەت لە هێڵی ناوەڕاست کە مۆدریچ و کرووس بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیانیان پێویستیان بە پشوو هەیە، بەهەمان شێوە کارڤاخال و رۆدریگۆ پێشبینی ناکرێت لە پێکهاتەی سەرەکیدا بن، لە بەرامبەردا چوامینی و سێبایۆس، ڤازکێز و ئاسێنسیۆ ئەگەری یاریکردنیان بەشێوەی سەرەکی زۆرە.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لەم یارییە گوتی: ئێمە زۆر رێزی سێلتاڤیگۆ دەگرین. ئەوان کارێکی نایاب ئەنجامدەدەن. لە ماوەی رابردوودا زۆر دینامیکییانە دەرکەوتوون. سیستمێکی باشیان لە یاریگەدا هەیە. یاریزانی نایابیان هەیە لە شێوەی یاگۆ ئاسپاس و گابریێل ڤیێگا.. لەبەرئەوە ئێمە دەبێ رێزیان لێبگرین و هەوڵیش بدەین هەموو توانای خۆمان لەپێناو بردنەوە لێیان بەگەڕ بخەین.
هەروەها ئەنچیلۆتی باسی چامپیۆنزلیگ و مان سیتی کرد و گوتی: لەبارەی مانچێستەر سیتییەوە، بەڵێ ئەوان کەمێک گۆڕاون، تیپێکی بەهێزن وەک هەمیشە، ئێستا یاریزانی باش و هێرشبەری باشی وەک هالاندیان هەیە کە گۆڵی زۆر تۆمار دەکات. ئێمە پێویستمان بەوە نییە شێوازی یاریکردنی خۆمان بگۆڕین، دەبێ بەهەمان شێوازی خۆمان بەردەوام بین. بەڵام پێویستمان بەوە هەیە لە رکابەرەکەمان باشتر بین.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا دەڵێت: هەست بەدڵەڕاوکە ناکەین لەبەرامبەر زۆریی یارییەکاندا، چونکە پێموایە سێ رۆژ بەسە بۆئەوەی یاریزانەکان پشوو بدەن و چاک ببنەوە. ئێمە پێشتر چەندینجار ئەوەمان کردووە. بەڵام بەلامەوە سەیرە هەندێک باس لەوە دەکەن ئێمە زۆر پشوو دەدەین، با شتێکتان پێ بڵێم، دەزانن ئێمە لە چوار مانگدا، بەڵێ چوار مانگ، تەنیا هەشت رۆژ پشوومان وەرگرتووە؟
ریال مەدرید لەم وەرزەدا لەسەر یاریگەی خۆی 14 یاریی ئەنجامداوە، 9 بردنەوەی هەیە لەگەڵ 4 یەکسانبوون و شکستێک، بەگشتیش لە کۆی 29 یاریدا خاوەنی62 خاڵە و لە پلەی دووەمی خولی ئیسپانیدا بە جیاوازیی 11 خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگی خولەکە.