دۆسێیەکەی نیگرێرا، مێسی دوودڵ کردووە
رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکانی یانەی بارسیلۆنا بۆ گێڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ ریزەکانی بەردەوامن، بەڵام رێگرییەکی نوێ لە بابەتەکەدا هاتووەتە پێشەوە.
بارسێلۆنا نایەوێت بەهۆی دۆسێی نیگرێراوە لەلایەن یۆفاوە سزا بدرێت و لە چامپیۆنزلیگ دووربخرێتەوە. لە کاتێکدا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی. بەڵام دۆسێی نیگرێرا بووەتە رێگرێکی نوێی بەردەوام گەڕانەوەکە.
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، مێسی سوورە لەسەرئەوەی لە ئەوروپا درێژە بە یاریکردن بدات و بیر لە چوونە سعودیە و ئەمریکا ناکاتەوە، بەتایبەت کە دەیەوێت بەشداریی لە چامپیۆنزلیگدا بکات.
بەڵام بۆ بڕیاردان لە گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا، ئەو یاریزانە ناچارە چاوەڕێی دوا بڕیاری یۆفا بکات، لەبارەی ئەگەری سزادانی یانەی بارسێلۆنا و دوورخستنەوەی لە چامپیۆنزلیگ، بەتایبەت لە ئەگەری سزادانی بارسێلۆنادا، ئەو یانەیە داهاتەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکات.
پێشتر یۆفا و چێفێرینی سەرۆکی، لێکۆڵینەوەیان لەدۆسێیەکەی نیگرێرا دەستپێکردووە و ئەگەری دوورخستنەوەی بارسا لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو، ئەگەرێکی بەردەستە.
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، ئەگەر بارسا لە چامپیۆنزلیگ دووربخرێتەوە، هاتنەوەی مێسی بۆ یانەکە تەگەرەی گەورەی تێدەکەوێت، چونکە داهاتەکانی بارسا زۆر کەمدەکەن و بەوەش ئەو یانەیە ناتوانێ وا بە ئاسانی مێسی بهێنێتەوە ریزەکانی.