پلانی ئەنچێلۆتی بۆ خستنی بارسێلۆنا لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، پلانێکی تایبەتی بۆ راگرتن و سەرکەوتن بەسەر بارسێلۆنا، لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا داناوە، کە بڕیارە شەممەی داهاتوو لەسەر یاریگەی لاکارتۆخا لە هەرێمی ئەندەلووس بەڕێوەبچێت.
بارسێلۆنا و ریال مەدرید، شەوی شەممەی داهاتوو، کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
سەرچاوە نزیکەکان لە ریال مەدرید ئاشکرایانکردووە، ئەو یانەیە بەپێکهاتەیەکی تایبەت و بە'گۆڕانکاری لە سیستمی یارییکردن'ی تیپەکە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا ئامادە دەکات، بەئومێدی رێگریکردن لەو یانەیە کە لە دوو کلاسیکۆی ئەمساڵدا، باڵادەستبوونی بەسەر ریال مەدرید دووپاتکردووەتەوە.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئەنچێلۆتی، لە ئاستی تیپەکەی رازی نییە، ئەگەرچی لە دوایین یاریدا بەگۆڵێکی فیدریکۆ ڤاڵڤێردی لە ئاتلێتیک بیلباوی بردەوە. ئەنچێلۆتی پێیوایە یارییەکەی بیلباو، کێڵگەیەکی تاقیکردنەوە بووە بۆ یاریی کلاسیکۆ.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەنچێلۆتی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی تیپەکەی بەرامبەر یانە گەورەکان، فشەڵە، هەربۆیە بیر لە گۆڕانکاری ریشەیی دەکاتەوە، لەنێویاندا گەڕانەوە بۆ یارییکردن بەشێوازی 4 -4 - 2 لەبری 4 -3 -3، بۆ ئەوەش یەکەم قوربانیی، رۆدریگۆی هێرشبەری باڵی یانەکە دەبێت کە پاشەکشەیەکی ئاشکرا بەئاستییەوە دیارە و لە دوایین 20 یاریی تیپەکەدا، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە.
لە پلانەکەدا کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەهێرشبەر دەمێننەوە و جود بێلینگهام لە دەوروبەری ناوچەی سزا یارییدەکات.
دیارترین گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەی ریال مەدرید، بریتییە لە یارییکردنی ئۆریلیێن چوامینی وەک بەرگریکەری باڵی چەپ بەهۆی یاریینەکردنی فێرلان مێندی بەهۆی پێکان و متمانەنەبوونی ئەنچێلۆتی بە فران گارسیا.
ئەگەرچی کاماڤینگا پێشتر بەیارییکردن لەو شوێنەدا رازینەبووە، بەڵام راهێنەری تیپەکە پێیوایە ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ راگرتنی لامین یامال کە لەو باڵەدا یارییدەکات.
سەرچاوەکان دەڵێن، تەنیا هەشت یاریزان بەدڵنیاییەوە لە پێکهاتەی یارییەکەدا دەبن کە بریتین لە، کۆرتوا، رۆدیگێر، چوامینی، ڤاڵڤێردی، بێلینگهام، ڤینیسیۆس، ئێمباپی، ئالابا و کاماڤینگا و ئەوانیدیکە لەژێر هەڵسەنگاندندان.
بەپێی پێکهاتە پێشبینیکراوەکە، هێڵی ناوەڕاست لە یارییەکەدا بەبڕوای ئەنچێلۆتی دەبێ زۆرپتەوتر و بەهێزتربێت لەوەی تاوەکو ئێستا تیپەکە لە یارییەکانی پێشوودا پێشانیداوە. بەڵام ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە کە ئەنچێلۆتی بیر لەوە دەکاتەوە، ڤاڵڤێردی بکاتە بەرگریکەری راست و ئەوکات پرسیار ئەوە دەبێت، کێ لە ناوەڕاستدا یارییدەکات.