دوای یارییەکەی ئارسیناڵ، سەرۆکی ریال مەدرید چی بە ئەنچێلۆتی گوتووە


رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، سووربووە لەسەرئەوەی لە دوای چوونە دەرەوەی تیپەکەی لە چامپیۆنزلیگ، پەیامێکی تایبەت بەکارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەکەی بدات.
 
چوارشەممەی پێشوو، ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا 1 - 2 بە ئارسیناڵ دۆڕا و ئەوەش دووەم شکستی لەسەریەکی تیپەکە بوو بەرامبەر ئەو یانە ئینگلیزییە، پاشئەوەی هەفتەیەک پێشتر بە 3 - 0 بەهەمان یانە دۆڕا و لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ چووە دەرەوە.
 
میدیای ئیسپانی ئاشکرایانکردووە، دوای یاریی دووەمی ئارسیناڵ، پێرێز چووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ریال مەدرید و بەتایبەت قسەی لەگەڵ ئەنچێلۆتی کردووە و تەنیا یەک رستەی پێگوتووە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، پێرێز، ئەگەرچی زۆر بێتاقەتبووە بە شکستی تیپەکەی و بێبەشبوون لە چامپیۆنزلیگ، بەڵام بە کارلۆ ئەنچێلۆتی گوتووە، "تۆ ئەو راهێنەرەیت کە زۆرترین نازناوت لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە".
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەرچی لە رۆژانی رابردوودا قسەوباسی زۆر لەبارەی چارەنووسی ئەنچێلۆتی لە میدیاکان وروژێنراوە و باسی ئەوە دەکرێت کە ئەو راهێنەرە لە کارەکەی دووردەخرێتەوە، بەڵام پەیامەکەی سەرۆکی یانەکە، تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە لە میدیاکان باسدەکرێت.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئەگەرچی پەیامەکەی سەرۆکی ریال مەدرید کورت و پوخت و تەمومژاوی بووە، بەڵام روونە کە پێرێز پێزانینی زۆری بۆ ئەوە هەیە کە ئەنچێلۆتی بۆ ریال مەدریدی کردووە.
 
سەرچاوەکان پێشتر ئاشکرایانکردبوو، پێشبینیدەکرێت لە هاوینی ئەمساڵدا ریال مەدرید دەستبەرداری ئەنچێلۆتی ببێت، بەتایبەت ئەگەر تیپەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دەستبەتاڵ دەربچێت، وەکئەوەی پێشبینیکراوە.