بارسێلۆنا دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی لالیگا نزیک ببێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا نزیک ببێتەوە، کاتێک بەرامبەر یانەی سێلتا ڤیگۆ یاریی دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 32ـی خولەکەدا، ئەمشەو کاژێر 22:30 بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی سێلتا ڤیگۆ یاریی دەکات و دەیەوێت پارێزگاری لەو جیاوازییەی بکات کە لەگەڵ ریال مەدرید هەیەتی و زیاتر لە بردنەوەی خولەکە نزیک ببێتەوە.
 
بارسێلۆنا لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە، بەڵام لەسەر ئاستی لالیگا دوایین 7 یاریی بردووەتەوە و چاوی لەوەیە درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
یارییەکە بۆ لامین یامال تایبەتە، دوای ئەوەی دوو رۆژ لەومەبەر خەڵاتی لۆریۆسی بۆ باشترین یاریزانی لاو بەدەستهێنا و دەیەوێت ئەمشەو بە هاوکاریکردنی تیپەکەی باشترین بوونی خۆی دووپاتبکاتەوە.
 
بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و ئێستا بە کاتی 6 خاڵ لە ریال مەدریدی دووەمەوە دوورە، یانەی سێلتا ڤیگۆ دوایین دوو یاریی لە لالیگادا بردووەتەوە و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
لە دوایین 5 یاریی نێوان هەردوو یانەدا، بارسێلۆنا چوار یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکدا یەکسانبوون. دوایین دۆڕاندنی کەتەلۆنییەکان بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە 2023 بوو کاتێک بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دۆڕان.
 
دوایینجار کە سێلتا ڤیگۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بارسێلۆنای بردبێتەوە لە ساڵی 2021 بوو.