هەواڵێکی ناخۆش بەرازیل و ریال مەدرید شۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەموو بەرازیل و ریال مەدرید بە هەواڵێک تووشی شۆک بوون کاتێک راگەیێنرا کە میلیتاوی بەرگریکار تووشی پێکان بووە و ئەمڕۆ پشکنینی بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت کە ئایا دەتوانێت بەشداری لە مۆندیالدا بکات یان نا، بۆیە هەمووان دەستیان لەسەر دڵیانە بۆ ئەوەی بزانن ئەنجامی پشکنینەکان چۆن دەبێت.
ئەلڤارۆ ئەربێلۆا، راهێنەری ریال مەدرید، هەواڵێکی ناخۆشی لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس پێگەیشت، کە لە چوارچێوەی خولی ئیسپانیا بەڕێوەچوو، ئەویش پێکانەکەی ئێدێر میلیتاوی بەرگریکار بوو.
تەنیا چەند خولەکێک پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەمی یارییەکە، قاچی میلیتاو بەر زەوی کەوت لە کاتی لێدانی تۆپێکدا کە بەر ستوونی گۆڵەکە کەوت، بەو هۆیەوە تووشی پێکان بوو و داوای گۆڕانکاری کرد، لە جێگەی ئەویش ئەنتۆنیۆ رودیگێری هاوڕێی چووە نێو یاریگا.
بەرگریکارە بەرازیلییەکە دەستی بە ئەژنۆی راستی خۆیەوە گرتبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هەست بە ئازار دەکات.
پێکانەکەی میلیتاو دوای تەنیا دوو هەفتە لە گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانە شاهانەکە نوێ بووەوە، دوای پێکانێکی درێژخایەن کە بۆ ماوەی 4 مانگ بەهۆی پێکانێکی ماسوولکەییەوە بەردەوام بوو.
هێشتا روون نییە کە ئایا پێکانەکە مەترسیدارە یان تەنیا گرژبوونی ماسوولکەیە، بەتایبەتی کە بەرگریکارە بەرازیلییەکە پێشتر چەندین پێکانی بەهێزی لە هەردوو ئەژنۆیدا هەبووە. بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، لەوانەیە یاریزانەکە نەیویستبێت سەرکێشی بکات، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییە گرنگەکانی داهاتوو.
نیگەرانییەکە تەنیا لەناو یانەی ریال مەدریددا نییە، بەڵکو کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیلیش دەگرێتەوە، کە خۆی بۆ مۆندیالی 2026 ئامادە دەکات.
هەڵبژاردەی بەرازیل خۆی بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت، وەک رودریگۆ کە بەشداری نەکردنی لە مۆندیال دڵنیا کراوەتەوە، هەروەها رافینیا و ئیستیڤاو هێشتا دیارنییە کەی دەگەڕێنەوە .
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە میلیتاو پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت بۆ دیاریکردنی جۆری پێکانەکە و ماوەی دوورکەوتنەوەی چاوەڕوانکراو لە یاریگاکان. واتا ئەمڕۆ دیار دەکەوێت کە ئایا میلیتاو زوو دەگرێتەوە یان وەرزی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییهات و مەترسی دەکەوێتە سەر بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی 2026.