پاریس یارییەکی گرنگی هەیە و مایسترۆکەی یاریی ناکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمان یارییە دواخراوەکەی لە خولی فەرەنسادا ئەنجامدەدات و دەیەوێت زیاتر لە یانەی لانسی رکابەری دووربکەوێتەوە.
لە یارییەکی دواخراوی لیگ وەندا، کە بەهۆی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپاوە دواخرابوو، کاژێر 20:00 یانەی پاریس سانجێرمان لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی نانت یاریی دەکات.
رۆژی سێشەممە پاریس سانجێرمان مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، بەڵام ئەوەی بۆ تیپەکە و هاندەرانی جێگەی نیگەرانییە، پێکانی ڤیتینیای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیە، کە لە یاریی بەرامبەر یانەی لیۆن تووشی پێکانبوو و میدیاکان باس لە دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەکەن و هێشتا بەتەواوی جۆری پێکانەکەی و ماوەی دوورکەوتنەوەی بەتەواوی روون نییە.
پاریس سانجێرمان لە پێشەنگی ریزبەندی خولی فەرەنسایە، 63 خاڵی هەیە و بە جیاوازیی یەک خاڵ لەپێش یانەی لانسە.
ئەم یارییە بڕیاربوو لە 11ـی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت، بەڵام لەسەر داوای یانەی پاریس سانجێرمان بەهۆی یارییەکەیان بەرامبەر لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگدا دواخرا.
جگە لە ڤیتینیا، نونۆ مێندێزیش پێکانی هەیە و بەشداری لەم یارییەدا ناکات، بەڵام یاریزانەکانی دیکەی لویس ئێنریکێ بۆ یارییەکە ئامادەن.
پاریس سانجێرمان، ئەمە یەکەم یاریی دەبێت ئەنجامیبدات، دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر خەڵاتی لۆریۆسی بۆ باشترین یانەی ساڵ بەدەستهێنا.