نەورۆز دەیەوێت دۆڕانی یاریی رابردوو قەرەبوو بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی 30ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، یانەی نەورۆز دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی بەرامبەر نەجەف بکاتەوە.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی ئەم گەڕەدا و لە یارییەکی لووتکەدا، کاژێر 19:30 یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی تەڵەبە یاریی دەکات و دەیەوێت بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببێتەوە.
بەر لە یارییەکە وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بەردەوامدەبین لەسەر زنیجرەی ئەنجامە باشەکانمان، بەتایبەت بەرامبەر یانەکانی پێشەوەی ریزبەند، پشتیوان بەخوا لە داهاتوودا یەکێک دەبین لە چوار تیپەکانی پێشەوەی ریزبەند."
عەلی رەزا مەنسووریان، راهێنەری یانەی تەڵەبە دەڵێت "رێز لە یانەی نەورۆز دەگرین، خوێندنەوەی باشمان بۆ رکابەرەکەمان کردووە و ئێمە ئامادەین بۆ ئەم یارییە. لە گەڕەکانی رابردوودا نەورۆز ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە و راهێنەرەکەشی ئەزموونێکی زۆری هەیە، بۆیە یارییەکە زەحمەتە و پێویستە یاریزانەکان بەتەواوی ئامادەبن".
نەورۆز بەر لەم یارییە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی عێراقە و بەبردنەوەی یارییەکە بەشێوەیەکی کاتی دەچێتە پلەی حەوتەم.
یانەی تەڵەبە لە پلەی چوارەمە و تەنیا دوو خاڵ لە یانەی هەولێری خاوەنی پلەی سێیەم و سێ خاڵ لە شورتەی دووەمەوە دوورە.