ئێڤرا: گواردیۆلا چامپیۆنزلیگی دەبردەوە لەبەرئەوەی مێسی هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
پاتریس ئێڤرا، بەرگریکاری پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، جارێکی دیکە وەڵامی پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دایەوە و دووپاتیکردەوە "گواردیۆلا چامپیۆنزلیگی دەبردەوە لەبەرئەوەی مێسی هەبوو".
دوای دەرکردنی مانچێستەر سیتی لە لایەن ریال مەدریدەوە لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، پاتریس ئێڤرا گوتی "گواردیۆلا کەسایەتی ئەوەی نییە چامپیۆنزلیگ بباتەوە". گوردیۆلاش بە تووندی وەڵامی دایەوە و رایگەیاند "لەگەڵ بارسێلۆناش کەسایەتیم نەبوو کە لە چامپیۆنزلیگدا مانچێستەر یونایتدم تێکشکاند".
ئەمجارەش پاتریس لە لێدوانێکی دیکەدا وەڵامی گواردیۆلای دایەوە و دیبلۆماسیانە بەبیری هێنایەوە کە بردنەوەی چامپیۆنزلیگەکانی بەهۆی لیۆنێل مێسی و چاڤی هێرناندێز و ئاندرێس ئینێستاوە بووە.
ئێڤرا گوتی "من زۆر شت لە میدیاکان نابینم، هاوڕێیەکم لێدوانەکانی گواردیۆلای بۆ ناردم، کە گوتبووی لەوانەیە پاتریس ئێڤرا بیەوێت کارێکی لە مانچێستەر یونایتد دەستبکەوێت، ئینجا گوتی من لەگەڵ بارسێلۆنا ئەوانەم تێکشکاندووە".
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "من باسی ئەو یاریزانانە دەکەم کە یارییان لەگەڵ کردووە، ئەوان دەڵێن هەمیشە ئەو کێشەی دروستدەکرد، ئەوەی من گوتوومە بە جوانی دەرمبڕیوە، بەڵام هەر کاتێک بمەوێت قسە بکەم، قسە دەکەم، من واینابینم هیچ یاریزانێک لە مانچێستەر یونایتد ئەویان خۆشبوێت".
ئێڤرا زیاتر باسی گواردیۆلا دەکات و دەڵێت "ئەو بلیمەتە، لە نزیکەوە نایناسم، تەنانەت پێم سەیربوو ئەو کاتی ئەوەی هەبێت وەڵامی پاتریس ئێڤرا بداتەوە، من یاریزانێکی خانەنشینم و کاری خۆم دەکەم، هەندێک پێم سەیربوو، بەڵام من هەمیشە دڵخۆش و ئاسوودەم، هیچ رقم لە دڵدا نییە، بەڵام کاتێک خەڵکی دەیەوێت هەندێک گاڵتە بکەن، من ئامادەم بۆ ئەوە".
بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە کۆتایی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە "گواردیۆلا لەبەرئەوە دەیبردەوە کە چاڤی، ئێنیستا و لیۆنێل مێسی هەبوو، بێگومان بەهۆی ئەوان دەیتوانی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، بەڵام ئێستا کە ئەوانی نەماوە ناتوانێت بیباتەوە، ئەوە نییە تاوەکو ئێستا شکستی هێناوە لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ".
پێپ گواردیۆلا وەک راهێنەر دووجار لەگەڵ بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، هەردوو جاریش یاریی کۆتایی لە مانچێستەر یونایتد بردووەتەوە، یەکەمیان لە 2009 کە بارسێلۆنا 2-0 بردییەوە، دوومیشیان لە 2011 بوو، کە تیپەکەی گواردیۆلا 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.