ریال مەدرید ماڵئاوایی لە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووی خۆی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید ماڵئاوایی لە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووی تۆپی پێی یانەکەی دەکات و سەردەمی کارلۆ ئەنچێلۆتی لەو یانەیەدا کۆتاییدێت.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی ریال مەدرید هەواڵی رۆیشتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە یانەکە رادەگەیێنێت، لەکاتێکدا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل رێککەوتنی لەگەڵ ئەو راهێنەرە راگەیاندووە و رۆژی 27ـی ئەم مانگە کارلۆ دەچێتە بەرازیل بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی بکات.
ئەنچێلۆتی راهێنەرێکی گەورە و بەئەزموونە، تەمەنی 65 ساڵە، لە یانەی ریال مەدریددا مێژوویەکی گەورە و لەبیرنەکراوی تۆمارکردووە و لەگەڵ ئەو یانەیە لە دوو ماوەی جیاوازی کارکردنیدا 15 نازناوی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بەدەستهێناوە، لەنێویاندا 3 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
کارلۆ ئەنچێلۆتی 233 رۆژە لە ویلایەتی دووەمی کارکردنیدا راهێنەرایەتی ریال مەدرید دەکات، لە 233 یارییدا 163 یاریی بردووەتەوە، 34 جار یەکسانبووە و لە 36 یارییدا دۆڕاوە.
راهێنەرە ئیتاڵییەکە لەکاتێکدا لە ریال مەدرید دەڕوات، ئەم وەرزە یانەی شاهانە ئەنجامەکانی باش نەبوون و وەرزێکی سفری و بێ نازناوی بەڕێکرد.
هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لەوە کردووە کە ریال مەدرید ویستوویەتی پۆستێکی کارگێریی بە کارلۆ ئەنچێلۆتی بدات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەگەڵ یانەکە، بەڵام ئەو پێی باشبووە ئەزموونێکی نوێ لەگەڵ هەڵبژاردەکان تاقی بکاتەوە، کە یەکەمجارە ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەیەک، بەتایبەتی کە دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە ببێتە راهێنەری یەکێک لە گەورەترین هەڵبژاردەکانی مێژووی تۆپی پێ، کە خاوەنی 5 نازناوی مۆندیالە.