ئەلهرێفی بۆ کریستیانۆ: واز لە یاریکردن و واز لە نواندن بێنە
رووداو دیجیتاڵ
فەهەد ئەلهرێفی، ئەستێرەی پێشووی یانەی نەسڕ و هەڵبژاردەی سعودیە، هێرشێکی تووندی کردە سەر کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەکە و داوای لێکرد واز لە یاریکردن بهێنێت بۆ پاراستنی میرات و مێژووەکەی.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی تیپەکەی بەرامبەر خەلیج ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد، هەرچەندە یارییەکەشیان بردەوە و کریس بە لێدانی سزا گۆڵیکی تۆمارکرد، بەڵام چەند هەلێکی ئاسان و لێدانی سزایەکی دیکەی لەدەستدا.
ئەلهرێفی لەبارەی کریسەوە گوتی "دوای تۆمارکردنی گۆڵەکە، کریستیانۆ بە کەسایەتییەکی جیاوازەوە دەرکەوت، بەپێچەوانەی پێش ئەوەی گۆڵ تۆماربکات، دوای ئەوەی لە چرکەی کۆتاییدا بە لێدانی سزا گۆڵێکی تۆمارکرد، دەستیکرد بە زەردەخەنە و سڵاوکردن لە هاندەران و کارلێککردن لەگەڵ هاوڕێکانی، کە ئەمە پێش گۆڵەکە رووی نەدا، ئەمەش مانای ئەوەیە یاریزانەکە تەنیا بیر لە ژمارەکانی خۆی دەکاتەوە و گرنگی بە تیپەکە نادات".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "نەسڕ گرێبەستی لەگەڵ کریستیانۆ نەکردووە بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری خولەکە و ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی بۆخۆی تۆماربکات، سەرەڕای ئەم ژمارە پێوانەیانەش کریستیانۆ هۆکار بوو بۆ لەدەستدانی چەندین خاڵ بەهۆی بەفیڕۆدانی چەندین هەلی ئاسانەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد "دۆنم خۆشدەوێت، بەڵام ئامۆژگاری دەکەم واز لە یاریکردن بێنێت و بیر لە پاراستنی ئەو گەنجینە گەورەیە بکاتەوە کە لەژیانیدا بەدەستیهێناوە، نابێت چیدی خۆی ناشیرین بکات، چونکە چیدی جەستەی ناتوانێت ئەو شتە بکات کە مێشکی داوای دەکات".
روونیشیکردەوە، رۆناڵدۆ یاریزانێکی ئەفسانەییە و خاوەنی ریکۆردە مێژووییەکانە، ئێمەش کاتێک گۆڵ تۆماردەکات دڵخۆش دەبین، بەڵام هەندێک لەو رەفتارانەی دەیبینین، وەک نواندن و چوون بۆ سڵاوکردن لە بەرپرسان و داوایلێبوردن لە هاندەران، ناشایستەن بۆ ئەو و ئەوە رەنگدانەوەی کەسایەتی راستەقینەی ئەو نییە".
یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی سعودیە ئاماژەی بەوەشکرد "پێویستە رۆناڵدۆ بەخۆیدا بچێتەوە و چاو بە کەموکوڕییەکانیدا بخشێنێتەوە، تەمەن سنووری خۆی هەیە، دەرفەتیش هەیە کە دەبوو باشتر سوودی لێوەربگرێت، ناڕازیبوونی دووبارەی لە هاوڕێکانی قبوڵکراو نییە، پێویستە بیر لە بەرژەوەندییەکانی تیپەکە بکەینەوە بەگشتی، نەک تەنیا یەک یاریزان کە هەوڵی شکاندنی ژمارەی پێوانەیی کەسی بدات".