یانەی شێروانە بە خەونەکەی نەگەیشت

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی شێروانە لەنێو یاریگا و لەبەردەم هاندەرانی، خەونی گەیشتن بە خولی پلەدووی عێراقی لەدەستدا دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی خولی پلەسێدا نەیتوانی بەسەر یانەی دیردا سەربکەوێت. 
 
شێروانە کە لە یاریی چووندا لە شاری بەسڕە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ تووشی شکست هاتبوو، بۆ ئەم یارییە چاوی لە قەرەبووکردنەوە بوو و پاڵپشت بە هاندەرانێکی زۆر و ئاڵتراسی یانەی نەورۆز کە بە گەرمی هانی یانەکەیان دەدا، سەرەتایەکی زۆر بەهێزیان پێشکێش کرد و هەر لە خولەکی 3دا بەڵێن ساڵح گۆڵی پێشکەوتنی بۆ شێروانە تۆمارکرد، بەڵام یانەی میوان زۆر خێرا گەڕانەوە نێو کەشی یارییەکە و بە تۆمارکردنی دوو گۆڵی لەسەریەک و
ئەنجامەکەیان کردە 2-1، کە بە کۆی هەردوو یاری ئەنجامەکە ببووە 5-3 بۆ یانەی دیر
 
. پێش چوونی یاریزانان بۆ پشووی نێوان هەردوو گێمەکە، کۆڕەنگ محەممەد گۆڵی یەکسانبوونی بۆ شێروانە تۆمارکرد و جیاوازییەکەی بۆ تەنیا یەک گۆڵ کەمکردەوە، بەڵام لە دەستپێکی گێمی دووەمدا جارێکی دیکە یانەی دیر گۆڵی تۆمارکرد و ئەرکەکەی لەسەر شێروانە
قورستر کرد. گوشارەکانی یانەی شێروانە بۆ سەر گۆڵی دیر  بەردەوام بوون، محەممەد تەها لە خولەکی 63دا گۆڵی سێیەمی بۆ شێروانە تۆمارکرد و تەنیا یەک گۆڵ پێویست بوو بۆ ئەوەی ئەنجامی هەردوو یارییەکە یەکسان بێتەوە، بەڵام هەوڵەکانی شێروانە تاوەکو دوایین خولەک بێ ئامانج
بوون و یارییەکە بە ئەنجامی 3-3 کۆتایی هات، بەمەش یانەی شێروانە بە کۆی هەردوو یاری سەرنەکەوت بۆ خولی پلەدووی عێراق و ئەم وەرزەی بەبێ هیچ دەستکەوتێک و بە دڵشکاوی هاندەرانییەوە تەواو کرد، کە تێیدا خەونی گەورەی ناوچەکە لە هەنگاوی کۆتاییدا بە خەمناکی کۆتایی هات.