8 رۆژی گرنگ و یەکلاکەرەوە بۆ بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستی عوسمان دێمبێلی، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی تەنیا 8 رۆژی ماوە لەگەڵ یانەکە کۆتاییبێت، تاوەکو ئێستا داهاتووی یاریزانەکە دیارنییە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا نووسیوویەتی " چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ کۆتاییهاتنی گرێبەستی دێمبێلی، دەستەوارەی بارسێلۆنا لەسەر مێزی گفتوگۆیە، بەڵام ئۆفەری یانەکە بەرز ناکرێتەوە و تاوەکو ئێستاش هیچ وەڵامێک نییە."
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێت " یانەی چێڵسی بەهۆی داواکارییەکانی یاریزانەکەوە تووشی شۆک بووە، لەوانەش یارییکردن بەشێوەی سەرەکی و ترسی یانەکە لە پێکانەکانی یاریزانەکە."
سپۆرت زیاتر دەڵێت " لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریس سانجێرمان بیر لە گواستنەوەی دێمبێلی ناکاتەوە، ئێستا یاریزانەکە چاوەڕێی دەستەوارەیەکی نوێیە، یانیش دەگەڕێتەوە سەر ئەو دەستەوارەیەی کە یانەی بارسێلۆنا پێشکێشیکردووە."
گرێبەست عوسمان دێمبێلی، لە 30ـی ئەم مانگە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا کۆتاییدێت، چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە داوای لە کارگێڕیی بارسێلۆنا کردووە گرێبەستی یاریزانەکە نوێبکەنەوە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر عوسمان دێمبێلی لە وەڵامی پرسیاری هاندەرێکدا کە لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە گوتی " لە بارسێلۆنا دڵخۆشم ."
یانەی بارسێلۆنا لەبەردەم بارودۆخێکی ئاڵۆزدایە، بەهۆی خراپی بارودۆخی دارایی یانەکەوە و پێویستە تاوەکو رۆژی 30ـی ئەم مانگە کێشە داراییەکانی چارەسەربکات، بۆ ئەوەی بتوانێت یاریزانی نوێ بگوازێتەوە و گرێبەستی یاریزانەکانی نوێبکاتەوە.