ڤیدیۆ؛ ئینتەرمیلان ریمۆنتادای تۆمارکرد و یاریی داهاتووی ئاگرین دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یەکەم بردنەوەی لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکاندا تۆمارکرد و ریمۆنتادایەکی زەحمەتی بەرامبەر یانەی ئوراوا رێدی ژاپۆنی تۆمارکرد.
 
لە دووەم یارییاندا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی پێنجەمدا هەردوولا رووبەڕووی یەکبوونەوە.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا و دوای 10 خولەک یارییکردن یانەی ئوارا رێد بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گۆڵی پێشکەوتنی لە رێگەی ریۆما واتانابێ تۆمارکرد و نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی ژاپۆنییەکان کۆتاییهات.
 
ئوراوا لە یارییەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و تاوەکو خولەکی 77 لەپێشەوە بوو، بەڵام لاوتارۆ مارتینێز گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، ڤالێنتین کاربۆنی گۆڵی دووەمی بۆ نیرازۆری تۆمارکرد، ئینتەرمیلان ریمۆنتادای تۆمارکرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و یەکەم سەرکەوتنی لە رکابەرییەکەدا بەدەستهێنا.
 
ئینتەرمیلان بووە خاوەنی چوار خاڵ و لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و یاریی داهاتووی بەرامبەر یانەی ریڤەرپلەیتە، کە یاریی لووتکە و یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ هەردوولا و رکابەری لەسەر پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە دەکەن.
 
ریڤەرپلەیت بەجیاوازیی گۆڵ و بەهەمان ژمارەی خاڵەکانی ئینتەر لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیە.