ریال مەدرید بەبێ ئێمباپێ و ژمارەیەک یاریزانی دیکە چاوی لە بردنەوەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە دوای بردنەوەی یەکەم یارییدا دەگەڕێت لە مۆندیالی یانەکاندا و رووبەڕووی یانەی پاچوکای مەکسیکی دەبێتەوە، بەڵام بەشێکی یاریزانەکانی یاریی ناکەن.
 
دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیدا لە مۆندیالدا لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی یەکسانبوو، ئەمشەو یانەی ریال مەدرید دووەم یاریی خۆی دەکات و کاژێر 22:00 رووبەڕووی یانەی پاچوکای مەکسیکی دەبێتەوە.
 
لۆس بلانکۆس، لە یارییەکەی ئەمشەودا لە تواناکانی هەریەکە لە کیلیان ئێمباپێ، دانی کارڤاخاڵ، ئێدوارد کاماڤینگا، ئێدێر میلیتاو و فێرلان مێندی بێبەش دەبێت و ئەم یاریزانانە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
یاریی نەکردنی ئێمباپێ لە یارییەکەی ئەمشەودا هاوشێوەی یاریی رابردوو کاریگەریی لەسەر هێڵی پێشەوەی یانەی شاهانە دەبێت، بەوپێیەی یاریزانەکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی نەخۆشکەوتنەوە گواسترابووەوە بە نەخۆشخانە و ئێستاش لەژێر چاودێریدا وردە وردە دەست بە مەشق و ئامادەکارییەکانی دەکاتەوە.
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی ئێمباپێ بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەو باشترە. دوو rۆژە لە نەخۆشخانە گەڕاوەتەوە دوای ئەو ماوەی چاودێریەی کە دەبوو پێیدا تێپەڕێت، رۆژ بە رۆژ چاک دەبێتەوە. بۆیە، ئێمە زیاتر گەشبینین بە گەڕانەوەی بۆ یاری بەرامبەر سالزبۆرگ."
 
ئەلۆنسۆ لەبارەی پاچوکاوە دەڵێت "خایمی لۆزانۆ کاروانێکی نایابی هەیە، یارییە دۆستانەکانیم بەرامبەر ئەهلی و سالزبۆرگ بینی، تیپێکی ئازا و دەستپێشخەری هەیە و رکابەرێکی بەهێزمان دەبێت."
 
ریال مەدرید دەیەوێت یەکەم بردنەوە لە رکابەرییەکەدا تۆماربکات و پارێزگاری لە هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە بکات، یانەی پاچوکای مەکسیکی لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر سالزبۆرگ دۆڕاوە و پێناچێت بتوانێت بەربەست بخاتە بەردەم هەنگاوەکانی ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتن لە رکابەرییەکەدا.