ریال مەدرید بە 10 یاریزانەوە بردییەوە
رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید لە یارییەکی ئاگریندا، بە 10 یاریزانەوە، بەئەنجامی 3-1 لە یانەی پاچوکای مەکسیکی بردەوە.
یانەی ریال مەدرید لە دووەم یاریی خۆیدا لە مۆندیالی یانەکانی 2025، رووبەڕووی یانەی پاچوکای مەکسیکی بووەوە و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە بوو.
یارییەکە بەشێوەیەکی گەرموگوڕ دەستیپێکرد، هەر لە سەرەتاوە هێرشی مەکسیکییەکان توند و کاریگەر بوو و بووە هۆی ئەوەی، ئەسێنسیۆ، بەرگریکاری ریال مەدرید لە خولەکی 7 بە کارتی سوور بکرێتە دەرەوە.
هێرشەکانی پاچوکا بەردەوام بوون و چڕتربوون دوای کارتە سوورەکەی ئەسێنسیۆ، بەڵام تیبۆ کۆرتوا وەکو دیوارێکی پۆڵایین، توانی بەرگری لە گۆڵەکەی خۆی بکات، سەرەڕای ئەوەی یانەی ریال مەدرید ەب 10 یاریزانەوە یارییان دەکرد، سەرکەوتوو بوون بە دوو گۆڵی بێلینگهام و گولەر، لە خولەکەکانی 35 و 43، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلاییبکەنەوە و مەکسیکییەکان بخەنە کێشەوە.
دەستپێکی نیوەی دووەمی یارییەکە ئارامتر بوو، هەردوو یانە هەڕەشەیان لە گۆڵی یەکدی دەکرد، تاوەکو لە خولەکی 70، ڤالڤێردی، گۆڵی سێیەم و یەکلاییکردنەوەی یارییەکەی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد و ئەرکی پاچوکای سەخت کردەوە.
یانەی پاچوکا توانیان لە خولەکی 80، لەڕێگەی ئیلیاس مۆنتێلەوە گۆڵێک تۆماربکەن، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی لە ئەنجامەکە بگەڕێنەوە.
تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی شاهانە، 10 سەیڤی کرد و یارییەکەی ناوازەی پێشکێشکرد.
جوود بێلینگهام وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.