داواکارییەکی رۆدریگۆ، ئارسیناڵ هەنگاوێک دەباتە دواوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی ماوەیەکی زۆرە چاوی لە تواناکانی یاریزانێکی ریال مەدریدە و دەیەوێت ئەو یاریزانە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بباتە ریزەکانی، بەڵام بەربەستێک لەبەردەم هەنگاوەکانی یانەکەدایە.
 
کارگێڕیی یانەی ئارسیناڵ لەسەر داواکاریی میکێل ئارتێتای راهێنەری یانەکە، کار بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید دەکات، لەکاتێکدا هێشتا یاریزانەکە بەتەواوی خۆی یەکلا نەکردووەتەوە لەوەی لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبێت یان دەڕوات.
 
لە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی 2024-2025 دەنگۆی زۆر لەبارەی چوونی رۆدریگۆ لە یانەی ریال مەدرید بڵاوکرانەوە کە گوایە ئەو یاریزانە لە دۆخەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە ناڕازییە و بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە دەکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، میکێل ئارتێتا زۆر سەرسامە بە تواناکانی یاریزانەکە و دەیەوێت بۆ بەهێزکردنی تیپەکەی ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، بەڵام بەربەستێک لەبەردەم گواستنەوەی یاریزانەکەدایە، ئەویش ئەوەیە رۆدریگۆ داوای 10.2 ملیۆن پاوەند دەکات وەکو مووچەی ساڵانە، ئەمەش بەلای یانەی ئارسیناڵەوە زۆرە.
 
گرێبەستی رۆدریگۆ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی ساڵی 2028 کۆتاییدێت، ئێستا نرخی ئەو یاریزانە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ.