ئەستێرەیەکی باسکەی ئەمریکا بەشێکی پاریس سانجێرمان دەکڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا، وردەکارییەکانی فرۆشتنی بەشێکی پشکەکانی یانەی پاریس سانجێرمان بە یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی باسکەی ئەمریکا ئاشکرا دەکەن.
کیڤن دورانت، ئەستێرەی بەنێوبانگی باسکەی ئەمریکا و یانەی فێنیکس سەنز، بەشێکی پشکەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەکڕێتەوە.
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "رۆژی هەینی بەشێکی پشکەکانی یانەی پاریس سانجێرمان بە کیڤن دورانت، ئەستێرەی باسکە و بازرگانی ئەمریکی فرۆشرا."
بەپێی سەرچاوەکە بەشی ئەو پشکانەی یانە فەرەنسییەکە کە بە دورانت فرۆشراون نزیکەی 1٪ـە و لە 2٪ زیاتر نابێت، لەکاتێکدا بەهای یانەکە لەنێوان 4 بۆ 4.5 ملیار یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
جگە لە دورانت، سندووقی وەبەرهێنانی ئەمریکی "ئارکتۆس پارتنەرز، لە ساڵی 2023 بەرامبەر 531 ملیۆن یۆرۆ 12.5٪ـی پشکەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی کڕیووەتەوە.
دوای بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ یەکەمجار، چاوەڕواندەکرێت بەهای یانە فەرەنسییەکە زۆر زیاتر بەرزببێتەوە و لە رووی بازرگانییەوە یانەکە پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "ئامانجی پاریس سانجێرمان، لە فرۆشتنی پشکەکانی بە کیڤن دورانت بەدەستهێنانی پارە نییە، بەڵکو دەیەوێت پاڵپشتییەکی زیاتر بۆ یانەکە لەنێو وەرزشەکانی دیکە و یاریی باسکەدا زیاتر بکات."