نرخی رۆدری دیاریکرا؛ ریال مەدرید 100 ملیۆن یۆرۆی ئامادەیە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەیەوێت شوێنگرەوەی تۆنی کرووسی ئەڵمانی بدۆزێتەوە و دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بەهۆی نەبوونی یاریزانێک لەو ئاستەدا زیانی بەرکەوت، ئێستا ناوێکی نوێ بە بەهێزی بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە دەهێنرێتە ئاراوە.


ئەو ناوە، رۆدری هێرناندێز، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتییە کە تەمەنی 29 ساڵە و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2027ـە. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا یاریزانە ئیسپانییەکە گرێبەستەکەی نوێنەکردووەتەوە، هیوایەکی بە یانە شاهانەکە بەخشیوە، هەرچەندە یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2030 گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە. پێپ گواردیۆلا، چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە کە رۆدری پارچەیەکی سەرەکییە لە تیپەکەیدا و یانەکە وەرزی رابردوو بەهۆی ئەو پێکانە قورسەی ئەژنۆی کە تووشی هات، زۆر زیانی بەرکەوت.

ئانتۆن مینا، رۆژنامەڤانی پسپۆڕ لە کاروباری ریال مەدرید، لە بەرنامەیەکدا دۆخەکە رووندەکاتەوە و دەڵێت "تەنیا یاریزان کە ئێستا لەگەڵ داواکارییەکەدا دەگونجێت رۆدرییە، بەڵام لە کاتی ئێستادا گواستنەوەی کردەیەکی ئەنجامدراو نییە، چونکە سیتی نایفرۆشێت و دەبێت سەیری ئاستی بکرێتەوە دوای پێکانەکەی."

هەروەها دەشڵێت "ئەمە ئۆپەراسیۆنێکە کە ریال مەدرید بیری لێدەکاتەوە و دووری نابینن ئەم هاوینە یان هاوینی داهاتوو ئەنجامی بدەن. لە ئێستادا بڕیارەکە ئەوەیە کە یاریزانێکی ژمارە 5 نەکڕن، مەگەر رۆدری خۆی بخاتە بەر دەست."

مینا لەبارەی ئەوەی کە 'خۆخستنە بەر دەست' مانای چییە، رایگەیاند "واتای ئەوەیە نرخەکەی 100 ملیۆن یۆرۆ بێت و یانەکەی رێگەی پێبدات بڕوات."