هاندەرێکی ریال مەدرید دەچێتە نێو دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا
رووداو دیجیتاڵ
چێما ئالۆنسۆ، یەکێک لە گەورەترین شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ئیسپانیا، وەک راوێژکاری زیرەکیی دەستکرد و داهێنانی تەکنەلۆژی، پەیوەندی بە لیژنەی تەکنیکیی ناوبژیوانانی ئیسپانیاوە دەکات.
ئەم دەستنیشانکردنەی، کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا (RFEF) و لە چوارچێوەی پێکهاتەی نوێی بەرێوەبردن بە سەرۆکایەتیی فران سۆتۆ راگەیەندراوە، ئامانجی ئەوەیە کە ئامرازەکانی شیکردنەوە و سیستەمی ئۆتۆماتیکی لە جیهانی ناوبژیوانییدا جێبەجێ بکات، بەڵام پەیوەستبوونەکەی بە هۆکارێکی دوور لە بابەتی تەکنیکییەوە سەرنجی زۆری راکێشاوە: ئەویش لایەنگرییە ئاشکرا و دیارەکەیەتی بۆ یانەی ریال مەدرید.
پێشتر چێما ئالۆنسۆ بە ئاشکرا لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا حەز و سۆزی خۆی بۆ یانەی ریال مەدرید دەربڕیوە. لە هەژماری ئێکس نووسیبووی: "من مەدریدی و راوڵی و ئیکەریم"، هەروەها لەوێ چەندین پەیامی پشتیوانی بۆ یانەکەی لە دوای یارییە گرنگەکان یان رەخنەی لە هەندێک بریاری ناوبژیوانان بڵاوکردووەتەوە.
تەنانەت لە رێگەی وێنەشەوە لە پرۆفایلەکەیدا ئەمەی نیشان داوە، وێنەیەکی لە تەنیشت نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ کە بەدەستهێنراون و وێنەیەکی دیکەی لە یاریی کۆتایی 2024 لە وێمبڵی گرتووە.
چێما ئالۆنسۆ ئەندازیاری کۆمپیوتەرە، هەڵگری بروانامەی ماستەرە لە سیستەمی زانیاری و دکتۆرای هەیە لە بواری ئاسایشدا. کۆمپانیای ElevenPathsی دامەزراندووە و یەکێک بووە لە بەرێوەبەرە باڵاکانی کۆمپانیای Telefónica، کە لەوێ سەرپەرشتیی پرۆژەکانی زیرەکیی دەستکرد، داتای گەورە (big data) و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی کردووە. هەرچەندە ئێستا ئەندامی لیژنەی جێبەجێکاری ئەو کۆمپانیایە نییە، بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی پیشەیی پەیوەندیی پێوەی ماوە.
پەیوەندیکردنی بە لیژنەی تەکنیکیی ناوبژیوانانەوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بریارەکانی VAR یان هەڵبژاردنی ناوبژیوانان نابێت، بەڵام رۆڵێکی گرنگی پێدەبەخشێت لە راوێژکاریکردن لەسەر ئەو ئامرازە سەرەکییانەی کە لەوانەیە داهاتووی ناوبژیوانی لە ئیسپانیا دیاری بکەن.
لە سیستەمی پێشبینیکەر بۆ شیکردنەوەی شێوازەکانی یارییکردنەوە بگرە تا دەگاتە ئەلگۆریزمەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی ناوبژیوانان، چێما ئالۆنسۆ شارەزایی خۆی لە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا دەخاتە خزمەت سیستمێک کە تا ئێستا پێوەرە کلاسیکی و باوەکان زاڵ بوون بەسەریدا.