سکانداڵێکی ئەستێرەکانی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2010 ئاشکرابوو
رووداو - هەولێر
گرووپێکی هاککەری رووسی کە ناویان لە خۆیان ناوە ورچە ناحەزەکان زانیارییەکانی دەستەی بەدواداچوونی ماددەی وزەبەخشی نێودەوڵەتیی ئاشکراکردووە و سکانداڵێکی گەورەی چەند ئەستێرەیەکی تۆپی پێی ئاشکراکردووە.
ئەو دەستە رووسییە لە رێگەی هاککردنەوە زانیارییەکانی دەستکەوتووە و دەرکەوتووە لە مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفریقا چەند ئەستێرەیەکی تۆپی پێ ماددەی وزە بەخشییان بەکارهێناوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا ناوی ئەو یاریزانانەیان ئاشکراکردووە کە هەریەکە لە دێرک کاوت لە هۆڵەندا، خوان سێباستیان ڤیرۆن، کارلۆس تێڤێز لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و سێ یاریزانی دیکەی ئەرجەنتین ماددەی وزەبەخشییان بەکارهێناوە.
لە لیستی ئەو یاریزانانەی ئەو کارەیان کردووە ناوی دوو یاریزانی جەزائیریش هاتووە کە هەریەکە لە ریاز بودبوز و کەریم مەتمورن، هەروەها ماریۆ گۆمێز، یاریزانی پێشووی یانەی بایرن میونشنیش ئەڵمانیش ئەو کارەی ئەنجامداوە.