پاسەوانەکەی مێسی هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە

رووداو هەولێر 

یاسین چیوکۆ، پاسەوانی تایبەتی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئینتەرمەیامی، جارێکی دیکە بوو بە سەردێڕی هەواڵەکان بەهۆی چاودێریکردنی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە کە وەک سێبەر لەگەڵیدایە، تەنانەت لەنێو یاریگاشدا.
 
ئەمجارە ئەمریکییەکان ئارامیان نەما و لە یاسین تووڕەبوون، دوای ئەوەی لە یاریی ئینتەرمەیامی و نیویۆرک سیتی هەڵسوکەوتێکی نەشیاوی بەرامبەر کامێرامانێکی ئەپڵ تیڤی ئەنجامدا. 
 
لەو یارییەدا کە لە خولی نایابی ئەمریکی بەڕێوەچوو، و بە یەکسانبوون بەئەنجامی 1-1 کۆتاییهات، لەگەڵ چوونە ژوورەوەی یاریزانان بۆ نێو یاریگا، پاسەوانەکەی مێسی بینرا کە لەگەڵ یاریزانەکان دەچێتە نێو یاریگا بەپاساوی ئەوەی هەمیشە ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە رزگاردەکات و رێگری دەکات لە نزیکبوونەوەی کەس لە لیۆ.
 
یاسین ئەمجارە هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند و پاڵی بە کامێرامانێکی ئەپڵ تیڤییەوە نا، سەرەڕای ئەوەی خاوەنداریەتی مافی پەخشی تایبەتی یارییەکانی خولەکەیە.
 
کاتێک مێسی دەچێتە نێو یاریگا، کامێرامانەکە لێی نزیک دەبێتەوە و وێنەی دەگرێت، بەڵام یاسین رێگەی پێنادات و دووری دەخاتەوە و داوایلێدەکات بگەڕێتەوە دواوە و لە مێسی دووربکەوێتەوە.
 
ئەوەی یاسین چیوکۆ کردی هەرای نایەوە و هاندەرانی تووڕە کرد، کە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا، هیرشێکی تووندیان کردە سەر یاسین و گوتیان چۆن رێگە بە کەسێک دەدرێت بچێتە نیو یاریگە و رێگری بکات لە کەسێک کە کارەکەی جێبەجێ دەکات؟!.
 
پێشتریش زۆر رەخنە لە بەرپرسان و رێکخەرانی خولی نایابی ئەمریکا گیراوە، کە چۆن رێگە بە پاسەوانێکی تایبەتی یاریزانیک دەدرێت بە ئارەزووی خۆی بچێتە نێو یاریگە، تەنانەت ئەوکاتەی یاریش بەردەوامە.
 
ئینتەرمەیامی لە خولەکی 75 لە رێگەی کامپانا گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام یانەی نیویۆرک سیتی لە خولەکی 5ـی زیادکراودا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
 
ئینتەرمەیامی بە کۆکردنەوەی 64 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی گرتووە لە خولی ئەمریکی و بە 8 خاڵ لە پێش سینسیناتی پلەی دووەمەوەیە.