ڤیتینیا، ئەو زەبەلاحەی خۆیشی نازانێت بۆچی کەس باسی ناکات
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا هەموو سەرنجەکان ئەمشەو لەسەر پاریس دەبن بۆ دەستنیشانکردنی براوەی نوێی باڵۆندۆر، هەمووان چاوەڕێی بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن عوسمان دێمبێلێ یان لامین یامال دەکەن و کەمتریش ناوی رافینیا دەهێنرێت، لە کاتێکدا زۆر کەمن ئەوانەی ناوی ڤیتینیایان بەبیردا دێت.
ئەگەرچی عوسمان بەربژێری سەرەکییە، هەموو هۆکارەکانی پەیوەست بەپێدانی خەڵاتەکە لە پشتی ئەون، بەڵام کاتێک مشتومڕی ساڵی رابردووی خەڵاتەکە دێتەوە بەرباس و کاتێک باسی ژمارەکان دەکرێت، ڤیتینا وەک بەربژێرێکی زۆر دیار دەردەکەوێت.
وەرزەکەی ڤیتینیا کە هاوشێوەی دێمبێلێ لە سانجێرمان بووە ئاسایی نییە، بەڵکو یەکێکە لەسەرکەوتووترین وەرزەکانی ناوەراستکاران لە ئەورووپا، ئەو رۆڵی گەورەی هەبوو لە بەدەستهێنانی پێنج نازناو لەلایەن یانە پاریسییەکە.
لەسەرئاستی نێودەوڵەتیش، ڤیتینیا نازناوی نەیشنسلیگی لەگەڵ پۆرتوگال بردەوە. ئەگەرچی ژمارەی گۆڵکردنی ئەو تەنیا 4 گۆڵە، بەڵام کاریگەرییەکەی لە یاریگەدا زۆر گەورەیە، ئەو خاوەنی پاسی ورد و خوێندنەوەی یارییەکان بوو، هەروەها لە بۆنە گەورەکاندا هەردەم ئامادەبوو.
ئەوەی چانسی ڤیتینیا کەمدەکاتەوە، هەرهەمان هۆکارە کە بووەتە دەردەسەری بۆ هەموو یاریزانانی چەق لە جیهاندا، چونکە رۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەوان لە کۆنترۆڵکردنی ناوەڕاست لە یاریگەدا، زۆرینەی کات نابێتە مانشێتی رۆژنامەکان و باسوخواسی سۆشیال میدیا و ئەوەش وایکردووە زۆرکەس دۆخی ئەو یاریزانە، بە چاڤی و ئینێستا بەراورد بکەن کە ساڵانێکی زۆر درەوشانەوە، بەڵام هەرگیز باڵۆندۆریان نەبردەوە.
دیمبێلێ دیارترینە
بەپێچەوانەی ڤیتینیاوە، دێمبێلێ بەرووخساری گەورەی پاریس سانجێرمان دادەنرێت، ئەو لە وەرزەکەدا 35 گۆڵی تۆمارکرد و 16 ئەسیستی هەبوو. پێشەنگی گۆڵکەرانی خولی فەرەنسا بوو، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی چامپیۆنزلیگی بردەوە.
ئەم ژمارانە بێگومان عوسمانیان کردە ئەستێرەی یەکەمی یانەکە و جێگەی سەرنجی میدیاکان، تەنانەت پاریس سانجێرمان هەڵمەتی گەورەی بۆ پشتگیری ئەو یاریزانە بەرپاکرد و لویس کامپۆسی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە بەئاشکرا رایگەیاند، ئەگەر دێمبێلێ خەڵاتەکە نەباتەوە، ناهەقییە بەرامبەری.
ڤیتینیا خۆی، بڕیاریدا لە دەرەوەی بازنەی ململانێیەکە بمێنێتەوە، کاتێک پرسیاری لەبارەی هەلی بردنەوەی خەڵاتەکەوە لێکرا، ئەو خاکەڕایانە گوتی، عوسمان شایستەی بردنەوەی خەڵاتەکەیە و ئەو تیپەکەی لە کۆڵناوە.
دووبارەبوونەوەی سیناریۆکە
ئەوەی بەسەر ڤیتینیا دێت، شتێکی نوێ نییە لە جیهانی تۆپی پێدا، چونکە گەورەترین شۆک لەو بوارەدا ساڵی رابردوو روویدا، کاتێک هەموو ئاماژەکان بۆ بردنەوەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بوون، کەچی لە کۆتاییدا رۆدری نازناوەکەی بردەوە.
ئەوکات بۆچوونەکان بوون بەدووبەشەوە، هەندێک پێیانوابوو کە پێدانی خەڵاتەکە بە یاریزانێکی چەق، گێڕانەوەی هەقە بۆ یاریزانانی سێبەر، لە کاتێکدا ئەوانیدیکە پێیانوابوو ناهەقییە بەرامبەر ئەستێرەیەک کە سۆزی جیهانی لەگەڵدا بوو.
ریال مەدرید ئەوکات ئاهەنگەکەی بایکۆت کرد، کاتێک زانی ڤینیسیۆس براوە نییە و میدیاکان براوەیان بە "شۆک بوونی هەمووان" ناوبرد.
ئەوەی وەرزی رابردوو روویدا، پرسیاری لەسەر ئاراستەی کارکردنی گۆڤارە فەرەنسییەکە دروستکرد، بەتایبەت کە ئێستا هەندێک دەپرسن بەهەمان پێوەری وەرزی رابردوو، ئەمساڵیش یاریزانێکی سێبەر کە ڤیتینیا دیارترینیانە، نازناوەکە دەباتەوە؟
لەنێو کۆی ناڕوونیی و بۆچوونی جیاوازدا لەبارەی براوەی ئەمساڵی باڵۆندۆر، پێدەچێ ڤیتینیا خۆی لە هەمووان زیاتر دڵنیابێت لەوەی خەڵاتەکە ناباتەوە، بەڵام لەوە تێناگات بۆچی کەس باسی ناکات؟