پێکانی ئەیمەن حوسێن مەترسیدار نییە
رووداو هەولێر
راهێنەری یانەی گەرمە بەتایبەت بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرایکرد کە دۆخی تەندروستی ئەیمەن حوسێنی ئەستێرەی یەکەمی یانەکە باش بووە و بۆ یاری داهاتوویان بەرامبەر یانەی زەورا یاریدەکات.
ئەیمەن حوسێن، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق وەرزی ئەمساڵ بەبڕی زیاتر لە ملیارێک دینار گرێبەستی لەگەڵ یانەی گەرمە واژۆکرد، لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر یانەی دهۆک کە گەرمە براوە بوو وەک یاریزانی سەرەکی یاریکرد، بەڵام بەهۆی پێکان لە ماسوولکەکانی قاچی لە یاریی دووەمدا بەرامبەر نەفت بەشداری نەکرد، کە گەرمە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک سەرکەوت.
پێکانی ئەستێرە باڵکێشەکەی یانەی گەرمە لە کاتی راهێنان و ئامادەکاری تیپەکەی بووە بە دووەم یارییان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، پزیشکی یانەکە و راهێنەری لێهاتووی جەستەیی سەرپەرشتی چارەسەرییەکەی دەکەن و چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە نێو راهێنانی تیپەکە.
ئەحمەد خەڵەف، راهێنەری یانەی گەرمە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "لە کاتی راهێنان ئەیمەن حوسێن تووشی پێکان بوو، ئەوەی جێگای دڵخۆشیمانە پێکانەکەی قورس نییە و باری تەندروستی باشە، بۆ یاریی داهاتوومان بەرامبەر یانەی زەورا ئامادە دەبێت و وەک یاریزانی سەرەکی بەشدار دەبێت".
یانەی گەرمە بۆ وەرزی ئەمساڵ بەهیوای رکابەری لەسەر نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق تیپێکی پڕ لە ئەستێرەی کۆکردووەتەوە و دوو یاری یەکەمیشی بە سەرکەوتن تەواوکردووە، بەڵام ئەرکی تیپەکە لە گەڕەکانی داهاتوو ئاسان نییە.
خەڵەف زیاتر روونیکردەوە "هاوڕێکانی ئەیمەن حوسێن بەشێوەیەکی نایاب قەرەبووی ئامادەنەبوونی ئەیمەن حوسێنیان کردەوە، ئەو راستییە دەزانم کە ئەیمەن سەنگێکی گەورەی هەیە و هەموو هاندەرانی عێراق چاوییان لەسەرە، بەڵام دڵنیایان دەکەمەوە کە زۆر باشە و دەردەکەوێت لە رۆژانی داهاتوو".
ئەیمەن حوسێن، لەدایکبووی ١٩٩٦ـی کەرکووکە، ساڵی 2024 بووە گۆڵکاری جیهانی هەڵبژاردەکان کە 13 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد.
یانەی گەرمە لە شاری روومادییە و ساڵی 2020 دامەزراوە، ناوێکی نوێیە لە وەرزشی عێراق و دووەم وەرزە بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات.