بایرن دەیەوێت درێژە بە سەرکێشییەکانی بدات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشن دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگدا بەدەستبهێنێت و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
یانە ئەڵمانییەکە لە درێژەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا، لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی کلەب برووجی بەلجیکی دەکات و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
باڤارییەکان لە باشترین کاتەکانیاندان و لەم وەرزەدا لە خول، جامی ئەڵمانیا و چامپیۆنزلیگدا سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و دەیەوێت لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامبێت.
ئەم یارییەی یانەکە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە یانەکە درێژکردنەوەی گرێبەستی ڤینسێنت کۆمپەنی، راهێنەری یانەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2029 راگەیاند، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 تەواو دەبوو.
هاری کەین، مەترسیدارترین و باشترین یاریزانی یانە ئەڵمانییەکەیە لە دوو یاریی رابردوودا چوار گۆڵی تۆمارکردووە و دەیەوێت ئەمشەویش سەرکردایەتیی یانەکە بکات بۆ بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک.
یانەی کلەب برووج، لە دوو یاریی رابردوودا بردنەوەیەک و دۆڕانێکی هەیە، پێشتر دووجار لە وەرزی 2005-2006 دوو یاریی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بایرن کردووە، یارییەکی دۆڕاندووە و لە یارییەکدا یەکسانبوون.