ریال مەدرید هەنگاو بە هەنگاو بەرەو نازناوی لالیگا دەچێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید گەڕایەوە پێشەنگی لالیگا و بە بردنەوەی گەورە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی گەڕایەوە، دوای ئەوەی 4-1 شکستی بە یانەی گرانادا هێنا.
ریال مەدرید لە گەڕی 14ـی خولی یانەکانی ئیسپانیا بووە میوانی یانەی گرانادا و یارییەکەش بە ئەنجامی چوار بە یەک لە سوودی ریال کۆتاییهات، لۆس بلانکۆس کە لەم یارییەدا بە درێسی نیلی یاری دەکرد لە دەستپێکی یارییەکەدا بە دوو گۆڵی مارکۆ ئاسینسیۆ و ناچۆ فێرناندێز پێشکەوت، دواتر لویس سوارێزی کۆڵۆمبی لە خولەکی 34 ئەنجامەکەی راست کردەوە.
لە نیوەی دووەمدا و لە پاساتێکی جوانی بنزیما و مۆدریچ و ڤینیسیۆسدا، گۆڵی سێیەم بەرهەمهات کە جونیۆر کردی، لە خولەکی 67 مۆنچۆ لە یانەی گرانادا کرایەدەرەوە و ئەرکی یانەکەی زەحەمەتترکرد، دواتر لە خولەکی 76دا فێرلان مێندی گۆڵی چوارەم و دڵنیایی بەخشییە کارلۆ ئەنچیلۆتی.
ریال مەدرید پلەی یەکەمی لالیگای گرتووە بە یارییەک کەمتریشەوە، 30 خاڵی هەیە و خاڵێک لەپێش یانەی سۆسیدادەوەیە.
لە یارییەکی دیکەدا یانەی ریال سۆسیداد هەلی گەڕانەوەی بۆ پێشەنگی لالیگا لەدەستدا، دوای ئەوەی بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی ڤالێنسیادا یەکسانبوو.
یارییەکە لە یاریگەی ریالی ئارێنای تایبەت بە یانەی ریال سۆسیداد کرا، بە درێژایی 90 خولەک هیچکام لە یانەکانی ڤالێنسیا و سۆسیداد نەیانتوانی گۆڵ بکەن و خاڵەکانیان دابەشکرد.
گرنگترین رووداوی یارییەکەش کرانەدەرەوەی ئاریتز ئیلتسۆندۆی یاریزانی سۆسیداد بوو لە خولەکی 76، بەڵام ڤالێنسیا سوودی لە کەمیی یاریزانانی خانەخوێ وەرنەگرت.
سۆسیداد دووەمە بە 29 خاڵ، ڤالینسیاش چووە پلەی دەیەم بە 18 خاڵ.
لەلایەکی دیکەوە یانەی ریال بێتیس گەڕایەوە سەر رێچکەی سەرکەوتنەکان و شکستی بە یانەی ئێڵچی هێنا.
بێتیس لەسەر یاریگەی مانوێل مارتینێز ڤالێرۆ بووە میوانی یانەی ئێڵچی و یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە.
گۆڵی یەکەمی بێتیس لە ریگەی خوانمی خیمینێزەوە لە نیوەی یەکەمدا تۆمارکرا، گۆڵی دووەمیش هەر لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا بە لێدانی سزا لە رێگەی ویلیان خۆسێوە تۆمارکرا لە خولەکی 22، دوو خولەک دواتر نەبیل فەقیر گۆڵی سێیەمیشی زیادکرد، لە نیوەی دووەمدا هێکتۆر بێیرینی بەرگریکەری بێتیس بە کارتی سوور دەرکرا.
بێتیس دوای دوو دۆڕان بە بردنەوەیەک شاد بوو، لە پلەی پێنجەمە بە 24 خاڵ، ئێڵچیش شەش یارییە نەیبردووەتەوە و پلەی 18ـی بەدەستەوەیە بە 11 خاڵ.
هەر لە خولی ئیسپانیدا، یانەی خیتافی بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی کادیزی بردەوە.
خیتافی لە مەدرید میوانداریی لە یانەی کادیز کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی چوار بە سفر لێبردەوە.
ماتیاس ئۆلیڤێرا، جۆرج کوینکا، ئەنەس ئونال و خایمی ماتا گۆڵەکانی یانەی خیتافییان تۆمارکرد.
بەم ئەنجامە کوڕانی کیکی سانچێز فلۆرێس دووەم بردنەوەیان لەم وەرزەدا تۆمارکرد، لە پلەی 18ـدا تەنیا 9 خاڵیان هەیە، یانەی کادیزیش پلەی 16ـی گرتووە بە 12 خاڵ.