سەورە و زاخۆ بەشداری لە پاڵەوانێتی زۆرانبازی عەرەبدا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆتایی ئەم هەفتەیە هەریەک لە یانەکانی سەورە و زاخۆ بەشداری لە پاڵەوانێتی زۆرانبازی یانەکانی عەرەب لە شاری شەرمشێخی میسر دەکەن.
کێبرکێکە بە بەشداری 12 یانەیە و بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوامدەبێت، یانەی سەورەی شاری کەرکووک لەگەڵ یانەی زاخۆ وەک نوێنەری عێراق بەشداریی دەکەن.
شەوقی فەرەج، جێگری سەرۆکی یەکێتیی زۆرانبازی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "کۆتایی ئەم هەفتەیە یارییەکانی یانەکانی عەرەبی دەستپێدەکەن و زۆرانبازانی یانەکانی سەورە و زاخۆ دوای ئامادەکارییەکی باش بەشداری دەکەن و گەشبینین بە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش".
لەم پاڵەوانێتییەدا زۆرانبازانی یانەی سەورە لە جۆری زۆرانبازی رۆمانی ململانێدەکەن و زۆرانبازانی یانەی زاخۆش لە جۆری زۆرانبازی ئازاد یاریدەکەن.
فەرەج زیاتر گوتی "سەورە و زاخۆ دوو باشترین تیپی عێراقن و دەتوانن میدالیای عەرەبی ببەنەوە، هەروەها رۆژانە ئاگاداری راهێنانەکانیانم، ئەوان راهێنەرانیان بەپێی بەرنامە و پلانێکی باش یاریزانانیان ئامادەکردووە".
لە ریزی یانە سەورەدا پێنج یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق یاریدەکەن و پێشتر نازناوی نێودەوڵەتیان بردووەتەوە بەمشێوەیە:
عومەر مستەفا، خاوەنی میدالیای زێڕی پاڵەوانێتی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیایە، هەریەک لە موهەنەد ئاسۆ، بیلال دیاری لەگەڵ ئیبراهیم قادر خاوەن میدالیای زێڕن لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەب.
جاری سێیەمە یانەی سەورە بەشداری پاڵەوانێتیی زۆرانبازی یانەکانی عەرەب دەکات، پێشتر پلەکانی سێیەم و چوارەمی بەدەستهێناوە.