خولەکانی کوردستان بەهۆی شەڕ و ئاژاوە راگیران


رووداو - هەولێر

یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیارییدا بەهۆی ئەو شەڕ و ئاژاوانەی لەم هەفتەیەدا لە خولە جیاوازەکاندا روویاندا، سەرجەم چالاکییەکانی رابگرێت.

یەکێتی تۆپێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیارییدا، بەهۆی شەڕ و ئاژاوەوە، سەرجەم چالاکییەکانی بۆ ماوەی یەک هەفتە رابگرێت، کە بەشێکی ئەو بڕیارەش بۆ خراپی کەش و هەوای باشووری کوردستان و هاتنی سەری ساڵیش دەگەڕێتەوە.

فیدراسیۆنەکە لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیارییدا یارییەکانی یانەی رزگاری بۆ یاریگەی کۆیە بگوازرێتەوە و دوو یاریی بەبێ ئامادەبوونی هاندەر لەو یاریگەیە ئەنجامبدات، پاسی یانەی خانەقین چاکبکاتەوە و یانەکەش بە یەک ملیۆن دینار سزادرا.

لەسەر شەڕی نێوان هەردوو یانەی ئارارات و پێشمەرگەی هەولێر یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیارییدا، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان پێکبهێنرێت، هەروەها یاریی داهاتووی یانەی ئارارات لە دەرەوەی یاریگەی یانەکە بەبێ هاندەر بەڕێوەدەچێت.

ئەم بڕیارەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەکاتێکدا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە یاریی نێوان هەردوو یانەی خانەقین و رزگاری، هاندەرانی یانەی رزگاری هێرشیانکردە سەر پاسی یانەی خانەقین و یاریزانانی یانەکەی بەردباران کرد، دوێنێش لە یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان لەیاریی نێوان هەردوو یانەی ئارارات و پێشمەرگەی هەولێر گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو.