راهێنەری میسر بەرگری لە محەممەد سەڵاح دەکات


رووداو دیجیتاڵ

حوسام حەسەنی راهێنەری هەڵبژاردەی میسر، بەرگری لە دۆخی محەممەد سەڵاحی هێرشبەری هەڵبژاردەکەی کرد لەو تەنگژەیەدا کە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول رووبەڕووی بووەتەوە.
 
سەڵاح لە ماوەی رابردوودا بەهۆی دانیشاندنی لەسەر کورسیی یەدەگی لیڤەرپوول، دووچاری کێشە بووەوە. سەڵاح قسەی بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند بیر لە رۆیشتن لە یانەکە دەکاتەوە. ئەوەشی ئاشکراکرد لەگەڵ ئارنێ سلۆتی راهێنەردا، پەیوەندی نەماوە.
 
لیڤەرپوول بەتووندی لە دژی سەڵاح وەستایەوە و ئەو یاریزانە ناچارکرا داوای لێبوردن لە هاوتیمەکانی بکات لە یانەکە، بەرلەوەی بگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی تیپەکە.
 
حوسام حەسەن دڵنیایی داوەتە هاندەرانی هەڵبژاردەی میسر کە سەڵاح یەکێک دەبێت لە باشترین یاریزانەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.
 
سەڵاح لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر، ئەمڕۆ یەکەم یاریی خۆی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بەرامبەر زیمبابۆی ئەنجامدەدات.
 
راهێنەری میسر دەڵێ، "بەبڕوای من، سەڵاح یەکێک دەبێت لە باشترین یاریزانەکانی ئەم پاڵەوانێتییە. بێگومان بەهاوکاریی دەستەی راهێنەران و هاوتیمەکانی. سەڵاح بە سیمبوول و یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان دەمێنێتەوە، من بەهەموو شێوەیەک پشتگیریی دەکەم، هاندەرانی هەڵبژاردەکەش بەهەمان شێوە".
 
سەڵاح لە کاروانی خۆیدا، نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەدەستنەهێناوە، هەر بۆیە راهێنەری میسر ئەوە بەبیر دەهێنێتەوە، "لەبیر مەکەن کە سەڵاح پێویستی بەبردنەوەی نازناوی جامی ئەفریقا هەیە، بەهاوکاریی خۆی و هاوکاریی ئێمە، هەروەها بەهاوکاریی تیمی راهێنەران، یاریزانان و هاندەران، دەتوانین ئەوە بکەین".
 
حوسام حەسەن، دووپاتیدەکاتەوە کە سەڵاح بەدڵخۆشییەکی زۆرەوە رووی لە کەمپی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کردووە و دەڵێ، "متمانەی تەواوم بە سەڵاح و هەموو یاریزانەکانمان هەیە. بەڵام پێموایە سەڵاح لە مەشقەکاندا و لەگەڵ هاوڕێکانیدا، زۆر بەجۆشوخرۆشە وەکئەوەی یەکەمجاربێت بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کرابێت".
 
هەڵبژاردەی میسر لە مێژووی خۆیدا، 7 جار نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای بەدەستهێناوە، بەڵام لە ساڵی 2010ەوە نەیتوانیوە ئەو نازناوە بەدەست بهێنێت.