ئامەدسپۆر دەیەوێت بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەند
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر دەیەوێت بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا و درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات، کاتێک بەرامبەر یانەی بۆردروم سپۆر یاری دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 18ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمشەو کاژێر 20:00 ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی بۆدروم سپۆر و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە، لەکاتێکدا یانەی پێندیک سپۆر پێشتر یارییەکەی ئەنجامداوە و چووەتە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
یانەی ئامەدسپۆر سێ یاریی رابردووی لەسەریەک بردووەتەوە، لەم وەرزەدا لە 17 یارییدا 11 سەرکەوتن، 2 یەکسانبوون و 4 دۆڕاندنی هەیە و خاوەنی 35 خاڵە، بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ تیپەکە جارێکی دیکە دەچێتەوە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە و بە جیاوازیی دوو خاڵ پێش پێندیک سپۆر دەکەوێتەوە.
ئەرکی ئامەدسپۆر لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ئاسان نابێت، بەتایبەت کە بۆدروم سپۆریش لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی باشن و لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بکات.