ئیمپڕاتۆر دەگەڕێتەوە و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەنەوە و لە یەکەم رۆژی یارییەکانی گەڕی 8ـی خولەکەدا، یانەی هەولێری پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی دیالە یاری دەکات و یارییەکە کاژێر 18:30 دەکرێت.
 
ماوەیەکی زۆرە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهۆی یارییەکانی جامی عەرەبەوە راگیرابوون، لەو ماوەیەدا یانەی هەولێر درێژەی دایە ئامادەکارییەکانی و ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی دیالە یاری دەکات.
 
یانەکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوور لە چاوی میدیاکان مەشق و راهێنانەکانی ئەنجامداوە و بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە بەغدا بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ موعتەس زەدام و ئەحمەد زیرۆ لە ریزەکانی یانەی هەولێر یاریی ناکەن، بەڵام مستەفا قابیل گەڕاوەتەوە و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
 
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر دەڵێت "یارییەکە بۆ هەردوو تیپ زەحمەت دەبێت، ئێمە بەدوای بردنەوەی خاڵەکانی یارییەکە دەگەڕێین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بکەین."
 
هەولێر تاکە یانەیە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 6 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و ئەمڕۆ دەیەوێت پارێزگاری لەو ئاستە بەرزەی بکات.