نەورۆزی کوردان یاریی هەیە و چاوی لە ئاشتکردنەوەی هاندەرانە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ئەمانە بەغدا دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
 
یارییەکە کاژێر 18:30 لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی وەلی کەریم گەڕایەوە بۆ مەشقدانەوەی یانەکە، نەورۆز بەهۆی وەستانی خولی ئەستێرەکانی عێراقەوە کاتێکی باشی لەبەردەم بوو بۆ ئەوەی راهێنەرەکە کێشەکانی یانەکە بزانێت و لە گواستنەوەی زستانەدا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدات.
 
نەورۆز لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا 6 یاریی دۆڕاندووە و تەنیا یەک بردنەوەی هەیە، یانەکە دەیەوێت کۆتایی بە ئەنجامە خراپەکانی بهێنێت و دووەم بردنەوە لە خولەکەدا تۆماربکات.
 
بەر لە یارییەکە وەلی کەریم، راهێنەری یانە کوردستانییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "تیپەکەم دوای دۆڕانی بەرامبەر زەورا و هەولێر لەژێر گوشارێکی دەروونیدایە، سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، هەوڵمانداوە سوود لە کاتی وەستانی خولەکە وەربگرین، بەڵام بەهۆی کەشوهەواوە یانەکانی بەغدا نەیاندەتوانی بێنە ئێرە، بۆیە تەنیا پشتمان بە مەشق و راهێنان بەستووە."
 
راهێنەری نەورۆز زیاتر دەڵێت "پێویستیمان بە هاندەرانمان هەیە، دەزانین ئەوان نیگەرانن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت دڵخۆشیان بکەین و رێگەکە راستبکەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ دۆخی ئاسایی."
 
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، یانەی نەورۆز رۆژێک بەر لە یارییەکە بەبڕیاری وەلی کەریم، یاریزانانی تیپەکە بردووەتە شوێنێکی تایبەت و لە ماوەی رابردوودا دەستەی راهێنەرانی یانەکە زۆرترین کاریان لەسەر دەروونی یاریزانان کردووە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە بگەڕێنەوە نێو رکابەرییەکە.
 
یانەی نەورۆز رایگەیاندووە، بلیتەکانی یارییەکە لەبەردەم یاریگەی یانەکەیان دەستدەکەون و داوا لە هاندەرانی دەکات لە یاریگەدا ئامادەبن بۆ پاڵپشتیکردنی تیپەکە.