جامی ئەفریقا بۆ سەڵاح و میسر دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی میسر بەسەرکردایەتیی محەممەد سەڵاح یەکەم یاریی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا ئەنجامدەدات و رووبەڕووی هەڵبژاردەی زیمبابۆی دەبێتەوە.
میسر لە ئەغادیر دوو رۆژە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی دەکات کە بەرامبەر هەڵبژاردەی زیمبابۆی ئەنجامیدەدەن و تیپەکە چاوی لەوەیە بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە و ئەمشەو کاژێر 23:00 یەکەم یاریی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدەدات.
محەممەد سەڵاح دوای ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لە لیڤەرپوولدا پێیدا تێپەڕی پەیەیوەندیی بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە کردووە و وەکو ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکە و دیارترین یاریزانی جامی ئەفریقا دەیەوێت بە باشترین ئاستەوە دەربکەوێت.
میسر 7 جار نازناوی جامی ئەفریقای بردووەتەوە و خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە، ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا بەرامبەر زیمبابۆی یاری دەکات، پاشان رووبەڕووی ئەفریقای باشوور و ئەنگۆلا دەبێتەوە.
پێشتر هەڵبژاردەی میسر 7 یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی زیمبابۆی کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 5 یاریی بردووەتەوە و دووجار هەردوولا یەکسانبوون، سەڵاح و هاوڕێکانی دەیانەوێت یەکەم یارییان لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بەبردنەوە دەستپێبکەن.