کێشەکانی ڤینیسیۆس و ئەلۆنسۆ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ قووڵ دەبنەوە



رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی سێڤییا بووەوە، سەرەڕای سەرکەوتنی تیپەکە، بەڵام فیکەی ناڕەزایەتی هاندەران دژی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئاستی لێڵ و ناڕوونی تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ، دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاکانی ئیسپانیا لێکەوتەوە.
 
ریال مەدرید رۆژی شەممە توانی بە ئەنجامی 2-0 لە سێڤییا بباتەوە، ئەمەش سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەکی تیپەکە بوو. ئەم ئەنجامانە کەمێک گوشارەکانی سەر چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری کەمکردووەتەوە، بەڵام ئاستی ناو یاریگە هێشتا جێگەی رەخنەی تووندی هاندەرانە. لە کاتی یارییەکەدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەرزترین دەنگی فیکەی ناڕەزایەتی ئەم وەرزە بیسترا.
 
کاتێک لە خولەکی 82ـی یارییەکەدا ڤینیسیۆس جۆنیۆر گۆڕانکاری پێکرا، بەشێکی زۆری هاندەران بە فیکە و دەنگی ناڕەزایەتی بەرەوڕووی بوونەوە.  ئەستێرە بەرازیلییەکە، لە دوای یاریی کلاسیکۆی مانگی 10ـی 2025ـەوە لەژێر گوشارێکی زۆردایە. دوای یارییەکە ڤینیسیۆس وێنەیەکی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە و وێنەی پرۆفایلەکەشی لە ریال مەدریدەوە گۆڕی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناڕەزایەتییەکانی.
 
دۆخی ڤینیسیۆس ئاڵۆز بووە؛ دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کە تاوەکو مانگی 6ـی 2027ـە، راگیراون. میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو یاریزانە بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی راگەیاندووە، نایەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ باش نین. هەرچەندە لە کاتی گۆڕانکارییەکەدا باوەشیان بە یەکدا کرد، بەڵام ڤینیسیۆس هەست دەکات لەناو تیپەکەدا کراوەتە ئامانج، لەکاتێکدا هەموو تیپەکە ئاستیان وەک پێویست نییە.
 
چابی ئەلۆنسۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا سەبارەت بە فیکەی هاندەران گوتی "هاندەران ئازادن لە دەربڕینی بیروڕای خۆیان. شتی زۆر هەن پێویستە باشیان بکەین، بەڵام من بایەخ بە دۆخی ئێستای تیپەکە دەدەم". ئەو راهێنەرە پێش ماڵئاواییکردن لە رۆژنامەڤانان پەیامێکی کورتی نارد و گوتی Tranquilos )هێمن بن).
 
ریال مەدرید لەم یارییەدا بەهۆی ئاستبەرزیی تیبۆ کۆرتوا رزگاری بوو، کە پێنج گۆڵی مسۆگەری گەڕاندەوە. تیپەکە بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت و یاریزانانی وەک ڤاڵڤێردی و ئێدێر میلیتاو، دانی کارڤاخال و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد بەشدار نەبوون. یاریزانی لاو دین هاوسن کە بە بڕی 50 ملیۆن پاوەند گواستراوەتەوە، ئەویش بەهۆی ماندوێتی و پێکانی ماسوولکەییەوە نەیتوانیوە ئاستێکی جێگیر پێشکێش بکات و لە لایەن هاندەرانەوە فیکەی ناڕەزایی بۆ لێدرا.
 
یانە مەدریدییەکە دەیانەوێت کاتی زیاتر بدەنە ئەلۆنسۆ، بەڵام مەودای هەڵەکردن زۆر کەمبووەتەوە. یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا لە مانگی 1ـی 2026 کە تێیدا ریال مەدرید رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە، تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ داهاتووی راهێنەرە ئیسپانییەکە.