بۆچی مارێسکا گونجاوترینە بۆ شوێنگرتنەوەی گواردیۆلا؟



رووداو دیجیتاڵ

بەراوردکردنی ئێنرۆ مارێسکا بە پیپ گواردیۆلا شتێکی نوێ نییە، ئەو راهێنەرە 45 ساڵانەیە لە کاروانە وەرزشییەکەی لە پارما، لێستەر سیتی و چێڵسی، هەمیشە هەوڵیداوە ئەو دەنگۆیانە رەت بکاتەوە کە دەڵێن، ئەو تەنیا وێنەیەکی لاوازی هاوڕێ و هاوکارە کۆنەکەیەتی، بەڵام ئێستا ئەو بەراوردکردنانە دەچنە قۆناخێکی دیکەوە و ناوی ئەم راهێنەرە ئیتاڵییە لە پێشەنگی ئەو ناوانەیە، کە مانچێستەر سیتی بۆ شوێنگرتنەوەی پێپ گواردیۆلا لە هاوینی 2025 دایناون.
 
میدیاکانی ئینگلتەرا بڵاویان کردووەتەوە، یانەی مانچێستەر سیتی پلانی پێشوەختە دادەنێت، بۆ ئەگەری رۆیشتنی گواردیۆلا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا. ئەگەر سەیری ئەو مەرجانە بکەین، کە هۆگۆ ڤیانای بەڕێوەبەری وەرزشی نوێی سیتی، لە راهێنەری داهاتووی تیپەکەیدا دەیەوێت، مارێسکا راهێنەری داهاتووی یانەکە بێت، دەبینین مارێسکا زۆربەیانی تێدایە؛ راهێنەرێک شێوازی یاریکردنی لەگەڵ ئەو سیستەمە بگونجێت زۆرترین سەرکەوتنی بۆ یانەکە هێناوە، ئەزموونی پرێمەرلیگی هەبێت، پێشتر لەگەڵ گواردیۆلا کاری کردبێت و لە یانەکەش شارەزا بێت.
 
مارێسکا لە ساڵی 2020-2021 نازناوی پرێمەرلیگی 2ـی بۆ تیپی لاوانی سیتی بەدەستهێنا، دواتریش لە وەرزی 2022-2023 بووە یاریدەدەری گواردیۆلا، ئەو وەرزی کە سیتی سێ نازناوە مێژووییەکەی بردەوە. ستایشی بەردەوامی گواردیۆلا بۆ ئەم راهێنەرە نیشانەی ئەوەیە چەندە متمانەی پێیەتی، تەنانەت گواردیۆلا مانگی رابردوو گوتی "مارێسکا یەکێکە لە باشترین راهێنەرەکانی جیهان، ئەو کارەی لە چێڵسی کردوویەتی شایەنی ستایشی زۆرترە، بردنەوەی مۆندیالی یانەکان و گەیاندنی تیپێکی گەنج بۆ چامپیۆنزلیگ کارێکی ناوازەیە".
 
ئەو ئامارانەی مارێسکا لە چێڵسی تۆماری کردوون، نیشانەی کارە باڵاکانی ئەم راهێنەرەیە، لە رووی هێرشبەرییەوە تەنیا لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی لە چێڵسی باشتر بوون لە دروستکردنی هەلی گۆڵکردن، لە رووی بەرگریشەوە جیاوازییەکی زۆر کەم لە نێوان چێڵسی و سیتی هەیە. وەک گواردیۆلا ئاماژەی پێداوە، تۆمارکردنی ئەم ژمارانە بە گەنجترین پێکهاتەی خولەکە، دەریدەخات راهێنەرایەتییەکی ئاستبەرز لە پشت ئەو سەرکەوتنانەیە.
 
لە رووی تاکتیکییەوە، لێکچوونەکان زۆرن. مارێسکا و گواردیۆلا هەردووکیان وردن لە داڕشتنی سیستەمی کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ و بەکارهێنانی پانتاییەکانی یاریگە. یەکێک لە لێکچوونە سەرەکییەکان، هێنانی بەرگریکاری باڵە بۆ ناوەڕاست بۆ دروستکردنی شێوازی 3-5-2 لە کاتی هێرشبردن، ئەمەش بۆ دروستکردنی باڵادەستییە لە ناوەڕاستی یاریگە. مارێسکا لەمبارەیەوە دەڵێت "هێنانی بەرگریکاری باڵ بۆ ناوەڕاست بۆ ئەوەیە رێگری لە هێرشی پێچەوانە بکەین و باشتر بەرگری بکەین لەو ساتەی تۆپمان لەدەست دەچێت".
 
ئەم راهێنەرە ئیتاڵییە هەمیشە دەستخۆشی بۆ گواردیۆلا هەبووە و دەڵێت "من بەهۆی تیپەکەی گواردیۆلا لە بارسێلۆنا بڕیارمدا ببمە راهێنەر، چەند ساڵێک پێش ئێستا شێوازی خۆم هەڵبژارد و ئەمە ئەو شێوازەیە حەز دەکەم تیپەکەم یاری پێ بکات". ئامارەکان نیشانی دەدەن هیچ تیپێک لەم وەرزەدا هێندەی چێڵسی و مانچێستەر سیتی پاسی زۆریان لە یەک زنجیرەدا نەداوە و بەسەرخۆیی تۆپیان بەرەو پێشەوە نەبردووە.
 
مارێسکا لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا لە چێڵسی سەلماندوویەتی دەتوانێت گۆڕانکاری تاکتیکی بکات، وەک بەکارهێنانی ریس جەیمس لە ناوەڕاست یان مالۆ گوستۆ وەک یاریزانی ژمارە 10. لە مۆندیالی یانەکاندا توانی لە رووی تاکتیکییەوە بەسەر لویس ئێنریکێ و پاریس سانجێرماندا سەربکەوێت. هەرچەندە شێوازی بەرگری مارێسکا زیاتر پشت بە گوشاری بەرز و چاودێری یاریزان بە یاریزان دەبەستێت، هەندێکجار تیپەکە تووشی کێشە دەکات، بەڵام ئەمە بەشێکە لەو ئاڵنگارییەی ئەو راهێنەرە قبوڵی کردووە.
 
ئەگەر مانچێستەر سیتی بیەوێت وەک لیڤەرپوول دوای یۆرگن کڵۆپ، گۆڕانکارییەکی بێ کێشە بکات و هەمان فەلسەفە بەردەوام بێت، مارێسکا لە ریزی ئەو راهێنەرانەیە وەک میکێل ئارتێتا و چابی ئەلۆنسۆ و ڤینسێنت کۆمپانی، کە بەرهەمی فەلسەفەی گواردیۆلان و دەتوانن لە بەرزترین ئاستدا کار بکەن.