ڤیدیۆ؛ رۆناڵدۆ لە یەکەم یارییدا سعودیەی بردە نێو مێژوو
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی یانەی نەسڕەوە ئەنجامدا و لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەو خولەدا، خولی تۆپی پێی سعودیەی بردە نێو مێژوو.
بەهۆی یارییکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، 22 هەزار و 863 کەس ئامادەی یاریی نێوان هەردوو یانەی نەسڕ و ئیتیفاق بوون، لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی خولی سعودیە، هەموو هاندەران بۆ پێشوازیکردن لە رۆناڵدۆ ئاڵای زەردی یانەی نەسڕیان بەرزکردەوە و هەستانەوە سەر پێ بۆ ئەوەی دیمەنی یارییکردنی رۆناڵدۆ بەدرێسی تیپەکەیانەوە تۆماربکەن.
دوای 30 خولەک یارییکردن ئاندێرسۆن بەلێدانی سەر تۆڕی یانەی ئیتیفاقی هەژاند و تیپەکەی رۆناڵدۆ بووە خاوەنی گۆڵێک.
لێدانێکی راستەوخۆ بۆ نەسڕ هەژمارکرا، رۆناڵدۆ بەشێوازە هەمیشەییەکەی جێبەجێیکرد، بەڵام هەوڵەکەی بێ ئەنجامبوو و تۆپەکە بە دوورییەکی زۆر بەسەر گۆڵدا تێپەڕی.
رۆناڵدۆ تۆپێکی جوانی گەیاندە گۆنزالۆ مارتینێز، بەڵام ئەویش سوودی لە تۆپەکە وەرنەگرت و تۆپەکەی چووە دەرەوە، جۆرجینا و هاندەرانیش چاوەڕێی گۆڵێکی رۆناڵدۆن.
تالیسکا لە دەرەوەی ناوچەی لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ کرد بۆ ئەوەی گۆڵی دووەم تۆماربکات، بەڵام گۆڵپارێز لەبەردەمی وەستایەوەو.
رۆناڵدۆ و یاریزانانی نەسڕ هەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی گۆڵی زیاتر تۆماربکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بۆ خاوەن یاریگە کۆتاییهات.
ئەمە یەکەم یاریی رۆناڵدۆ بوو لە خولی سعودیەدا کە بەهۆی هاتنی دۆنەوە، یارییەکە 30 کەناڵی جیاوازی جیهان گواسترایەوە و 22 هەزار و 862 کەس ئامادەی یارییەکەبوون
نەسڕ پێشەنگی ریزبەندی خولی سعودیەیە و خاوەنی 33 خاڵە.
بۆ یەکەمجار خولی سعودیە لە کەناڵە جیهانییەکان پەخشکرا
بەهۆی یارییکردنی رۆناڵدۆوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی تۆپی پێی سعودیە، عەرەبی و ئاساییدا یارییەکی خولەکە لە 30 کەناڵی جیاوازی کیشوەرە جیاوازەکان گواسترایەوە، یانەی نەسڕ دەڵێت " ئیدی ئەو کەناڵانە رووماڵی یارییەکانی یانەکە دەکەن"، بەمەش خولی سعودیە دەچێتە ئاستێکی دیکە و چاوی زۆر زیاتر لە جارانی لەسەر دەبێت.
Your support drives us on! 👏
— AlNassr FC (@AlNassrFC_EN) January 22, 2023
Thanks #NassrFans 💛 pic.twitter.com/TVkWugqvRP
پەیامی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
دوای بردنەوەیان لە ئیتیفاق و ئەنجامدانی یەکەم یاریی بەدرێسی یانەی نەسڕەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پەیامێکدا نووسیوویەتی " یەکەم یاری، یەکەم بردنەوە، کارێکی باشتان کرد کوڕینە، سوپاس بۆ هاندەران بۆ پشتگیرییە سەرنجڕاکێشەکانتان."
First game, first win - well done guys 🙌🏻 Thanks to all the fans for incredible support. 💙💛 pic.twitter.com/vmgwE8TgVo
— Cristiano Ronaldo (@Cristiano) January 22, 2023
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو پەیوەندیی بە یانەی نەسڕی سعودیەوە کردووە و لە یەکەم یارییدا نیشانەی کاپتنی پێدرا، چوونی یاریزانەکە بۆ ئەو یانەیە کاردانەوەی گەورە و زۆری لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە و یانەی نەسڕیش بەهۆی گواستنەوەی رۆناڵدۆوە، ئێستا لەسەر ئاستی جیهان بووەتە یانەیەکی ناسراو.