رۆناڵدۆ داوای چێشتلێنەرێکی تایبەت دەکات و ئامادەیە هەزاران یۆرۆی پێبدات
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای چێشتلێنەرێکی تایبەت دەکات و ئامادەیە مانگە 4500 یۆرۆی وەک مووچە پێبدات.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن " کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەدوای چێشتلێنەرێکی تایبەتدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە سعودیە خواردنی بۆ دروستبکات و سەرپەرشتی خواردنەکانی خۆی و ماڵباتەکەی بکات لە داهاتوودا.
رۆناڵدۆ دەیەوێت چێشتلێنەرێکی هەبێت، کە بتوانێت سەرجەم خواردنەکان دروستبکات و داواکارییەکانی جێبەجێبکات، بۆ ئەوەش ئامادەیە لە مانگێکدا 4500 یۆرۆی پێبدات، بەتایبەت کە رۆناڵدۆ بەوە بەنێوبانگە کە گرنگی زۆر بە خواردن دەدات و تەنیا خواردنی سرووشتی و بەسوود دەخوات، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە توانا و بەهێزی جەستەی بکات.
کریستیانۆ کار بۆ ئەوە دەکات ئەو چێشتلێنەری دەستنیشانیدەکات، بۆ دوای وازهێنانی لە یارییکردنیش لەگەڵیدا کاربکات، بەتایبەت کە وەک رۆژنامەی سەنی بەریتانی دەڵێت " رۆناڵدۆ دوای وازهێنانی لە یارییکردن دەچێتە شاری کینتا دا مارینای پۆرتوگال.
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن رۆناڵدۆ لە ساڵی 2021 لەو شارەدا خانوویەکی نوێی کڕیوە و 17 ملیۆن پاوەندی پێداوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ژیانێکی ئارام و خۆش بۆ ماڵباتەکەی دابینبکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر چووەتە یانەی نەسڕی سعودی و بۆ دوو وەرز و نیوی دیکە لەو یانەیەدا یارییدەکات و تاوەکو گرێبەستەکەی کۆتاییدێت، نزیکەی نیو ملیار یۆرۆ وەک مووچە لە یانە سعودیەکە وەردەگرێت.
رۆژی یەکشەممە کریستیانۆ یەکەم یاریی بەدرێسی یانەی نەسڕەوە ئەنجامدا و یارییەکەیان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ئیتیفاق بردەوە، بەڵام رۆناڵدۆ هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکرد.