ئارسیناڵ بە یادەوەری تاڵەوە پێشوازی بارسیلۆنا دەکات


قسەکردن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئارسیناڵ و بارسێلۆنا، گەڕانەوەیە بۆ شێوازی یاریکردنی دوو تیپ کە یەکێکیان بە تیکی تاکا دەژی و ئەویدیکەیان دەیەوێت ئیلهام لەو شێوە یاریکردنەوە وەربگرێت.

قسەکردن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئارسیناڵ و بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا گەڕانەوەیە بۆ یادگارییەکانی یاری کۆتایی ئەو پاڵەوانیەتییە لە ساڵی 2006 لە یاریگەی فەرەنسا، ئەوکاتەی بارسا نازناوەکەی بردەوە و ئاهەنگی گێڕا لە کاتێکدا ئارسیناڵ لە سەرەتای یارییەکەدا پێشکەوت و دواتر نازناوەکەی لەدەستدا.

لە کۆتایی 2006 دا لەسەر کورسی یەدەگی ئارسیناڵ ئارسن ڤینگەر بوونی هەبوو و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام لەو کاتەوە چەندین راهێنەر هاتنە بارسا و رۆیشتن و هەموویان بەسەر راهێنەرە ئینگلیزییەکە و تیپەکەیدا بۆ قۆناخەکانی داهاتووی پاڵەوانیەتییەکە و تەنانەت نازناوەکەشی پەڕینەوە.

نەک هەر راهێنەرەکان بەڵکو لەو کاتەوە تا ئێستا زۆر یاریزانیش لە نێوان هەردوو یانەدا ئەمبەر و ئەوبەریان کردووە، سیسک فابریگاس و تێری ‌هێنری بەرجەستەترین نموونەکانی ئەو گواستنەوانەن.

ئەمجارەش کاتێک هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، هەمان ئەو هەستانە زاڵن کە لە رابردوودا مێژووی هەردوو یانەیان نووسیوەتەوە، هەر کاتێک و لە هەر قۆناخێکی چامپیۆنزلیگدا بارسا بەرامبەر ئارسیناڵ وەستابێتەوە، سەرکەوتن هەر بۆ بلوگرانا بووە، جا هەرکەسێک لەسەر کورسی مەشقدەرەکانی ئەو دوو یانەیە بووبێت.

بەریەککەوتنی ئەمجارەی نێوان ئەو دوو یانەیە جارێکی دیکە بۆ گەیشتنە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگە، هەنگاوێک سەرەتا لە یاریگەی ئیمارایتسەوە دەستپدەکات و کۆتاییەکەی لە یاریگەی نوکامپدا دەبێت. هەردوو یانەش لەو جەنگەدا هەوڵیان بۆ گەیشتنە میلانۆیە کە ئامێز بۆ یاری کۆتایی دەکاتەوە، کە بەپێی ئێستا و بەئاوڕدانەوە لە دۆخی هەردوو یانە، بارسا لەپێشترە بۆ هەنگاونان لە نێو ئەو یاریگەیەدا.