بارسێلۆنا بردییەوە و ریال مەدرید بەنیازی گەڕانەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا درێژەیدا بە ئەنجامە باشەکانی و بەبردنەوە لە یانەی لاس پاڵماس، شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا بەهێزتر کرد.
یاریی نێوان هەردوو یانە لە یاریگەی لاس پاڵماس بەڕێوەچوو، لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا، خاوەن یاریگە چەند هەلێکی گۆڵکردنی لەدەستدا و بە ئەنجامێکی سپی نیوەی یەکەم کۆتاییهات و هیچ گۆڵێک نەبینرا.
لە نیوەی دووەمدا، بارسێلۆنا باشتر لە نیوەی یەکەم دەرکەوت، دوای چەند هێرشێک لە خولەکی 62 دانی ئۆلمۆ دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و بارسێلۆنای پێشخست.
دوای ئەوە لاس پاڵماس هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی دەدا و بارسێلۆناش بۆ تۆمارکردنی گۆڵی دووەم.
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکە و بەر لەلێدانی فیکەی کۆتایی، فێران تۆرێس گۆڵی دووەمی بۆ بارسا تۆمارکرد، بلاوگرانا یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و ژمارەی خاڵەکانی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا، بۆ 54 خاڵ بەرزکردەوە و حەڤدەیەم بردنەوەی لەم وەرزەدا تۆمارکرد.
هانزی فلیک لەدوای یارییەکە دووپاتیکردەوە بەدەستهێنانی شەش خاڵ لە دوایین دوو یاریدا، کارێکی باشە بۆ تیپەکەی.
بڕیارە ئەمڕۆ ریال مەدرید لە کاژێر 18:15 لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی جیرۆنا بکات.
ریال مەدرید بە ئامانجی مانەوە لە رکابەریدا و دوورنەکەوتنەوە لە بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولەکە، میوانداریی جیرۆنا دەکات.
دوای بەدەستهێنانی تەنیا دوو خاڵ لە سێ یاریی رابردوودا و دوو یەکسانبوون و دۆڕانێک، یانەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و بەبردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە درێژە بە رکابەریکردن بدات.
جیرۆنا لە دوو یاریی رابردوودا دۆڕاوە، لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندە و ئەنجامەکانی لەم وەرزەدا وەکو پێویست نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت بە وەرگرتنی خاڵەکانی یارییەکە هاوکاریی بارسێلۆنای هاوشاری بکات بۆ ئەوەی زیاتر لە ریال مەدرید دووربکەوێتەوە.
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا، جود بێلینگهام، بەهۆی راگرتنی بۆ دوو یاری دوای ئەوەی کارتی سووری بەرامبەر ئۆساسۆنا وەرگرت یاری ناکات، بەڵام لەگەڵ تیپەکە مەشقی کردووە و پاڵپشتیی یاریزانەکان دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ لە یارییەکەدا، ژمارەیەک یاریزانی یەدەگی تیپەکەی یاریی پێدەکات.