سەرۆکی پێشووی فیفا: مۆندیالی داهاتوو سیاسەت و تۆپی پێی تێکەڵکردووە



رووداو دیجیتاڵ

جۆزێف سێپ بلاتەر، سەرۆکی پێشووی فیفا، رەخنەی تووند لە سیستمی نوێی مۆندیالی 2026 دەگرێت و رایدەگەیەنێت، دابەشکردنی یارییەکان لە نێوان سێ وڵاتە میواندارەکەی پاڵەوانێتییەکە دادپەروەرانە نییە و تەنیا ئەمریکا سوودمەندی سەرەکییە، لە کاتێکدا مەکسیک و کەنەدا پشکی زۆر کەمیان بەرکەوتووە.
 
سێپ بلاتەر، سەرۆکی پێشووی فیفا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ میدیاکانی کەنەدا، نیگەرانیی خۆی پێشاندا، بەرامبەر زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیالی داهاتوو بۆ 48 هەڵبژاردە و دابەشکردنی یارییەکان.
 
بڕیارە مۆندیالی داهاتوو کە هاوینی داهاتوو، هەریەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن 104 یاری تێدا ئەنجام بدرێت، لەو ژمارەیەش 78 یاری لە ئەمریکا دەکرێن و تەواوی یارییەکانی دوای قۆناخی 16ـیش هەر لەو وڵاتە دەبن.
 
بلاتەر تەمەنی 89 ساڵە، دەڵێت ئەم دابەشکارییە پەرەپێدانی تۆپی پێ نییە. ئەو راهێنەرە کۆنەی فیفا پەیوەندی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی ئێستای فیدراسیۆنی تۆپی پێ (فیفا) بە هۆکاری گۆڕینی تۆپی پێ بۆ سیاسەت دەزانێت و دەڵێت "ئەمە کارێکی راست نییە. کاتێک سێ وڵات بەیەکەوە میوانداری دەکەن، دەبوو پشکی یەکسانیان بەربکەوتایە، بەڵام ئێستا دوو وڵاتەکەی دیکە تەنیا پاشماوەیان بۆ ماوەتەوە".
 
سەرۆکی پێشووی فیفا باس لەوە دەکات ئەمریکا سوودمەندی گەورەیە، بەڵام هاندەران نا، چونکە بە گوتەی ئەو، نابێت مۆندیال لە وڵاتێک بێت ڤیزا بە هەموو کەس نەدات. ئێستا ئەمریکا گەشتکردنی لە هاووڵاتییانی چەند وڵاتێک قەدەخە کردووە، لە نێویاندا چوار وڵات هەن کە بۆ مۆندیال سەرکەوتوون.
 
بلاتەر لە ساڵی 1998 تاوەکو 2015 سەرۆکی فیفا بوو، دواتر بەهۆی تۆمەتی داراییەوە دوورخرایەوە، بەڵام لە 11ـی مانگی 3ـی 2025 لەلایەن دادگای سویسراوە لە هەموو تۆمەتەکان بێبەری کرا. 
 
بلاتەر رەخنە لەوە دەگرێت جیانی ئینفانتینۆ، کڵاوێکی لەسەر کردووە کە ئاماژەیە بۆ خولەکانی سەرۆکایەتی ترەمپ و دەڵێت "پێشتر شتی وامان نەبینیوە. تۆپی پێ چالاکییەکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە، تێکەڵکردنی بە سیاسەت نادادپەروەرانەیە".