رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دێربیی کوردستانە، دوو یانەی نێودار و دیاری باکووری کوردستان لەسەر ئاستی خولی پلە یەکی تورکیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ئامەدسپۆر میوانداریی وان سپۆر دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 27ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمشەو کاژێر 20:00 یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی وان سپۆر یاریی دەکات، هەردوو تیپ بە ئامانجی بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
ئامەدسپۆر لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە، دوای گەڕاندنەوەی مەسعود بەقاڵ، وەکو راهێنەری یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە دوورنەکەوێتەوە.
ئامەدسپۆر بەر لەم یارییە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا خاوەنی 51 خاڵە، 5 خاڵ لە دووەمی ریزبەند و 6 خاڵ لە یەکەمەوە دوورە، یانەکە دەیەوێت یارییەکەی ئەمڕۆی بباتەوە بۆ ئەوەی لە رکابەرییەکە دوورنەکەوێتەوە.
یانەی وان سپۆر لە چەند گەڕی رابردوودا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە، لە سێ یاریی رابردوودا یانەکە نەدۆڕاوە و دوو بردنەوەی هەبووە، ئەوان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاریی دەکەن، بەڵام چاویان لە هەڵکشانی زیاترە لە ریزبەندی خولەکەدا.
وان سپۆر لە یاریی چووندا لەم وەرزەدا، لە یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ئامەدسپۆری بردووەتەوە و ئەمڕۆش چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە.
ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، رۆژێک بەر لە یارییەکە، شاندی یانەی وان سپۆر چوونە ئامەد، دەیان هاندەری ئامەدسپۆر چوونە بەردەم پاسی یانەکە و پێشوازییەکی گەرمیان لە یاریزانان و شاندی تیپەکە کرد.
موراد کایا، شرۆڤەکاری وەرزشی لە ئامەدەوە میوانی رووداو بوو و دەڵێت "ئەوەی بۆ هەموومان جێگەی دڵخۆشیی زۆرە ئەوەیە، هاندەرانی هەردوو یانە بەیەکەوە دەبن و بەیەکەوە سەیری یارییەکە دەکەن، هەموومان چاوەڕێی یارییەکی ئاستبەرز و سەرنجڕاکێش دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ