لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرازیل، بەرزترین مووچە لە مێژوودا دەدرێتە کارلۆ ئەنچێلۆتی
رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، ئامادەیە ئەو راهێنەرە بکاتە خاوەنی بەرزترین مووچەی راهێنەران، لە مێژوودا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دەیەوێت، گرێبەستەکەی ئەنچێلۆتی 66 ساڵ، بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی داهاتوو بۆ چەندین ساڵی دیکە نوێبکاتەوە.
کارلیتۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیلی خاوەن پێنج نازناوی مۆندیال، خۆی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئامادە دەکات.
بەپێی میدیای بەرازیل، سەرنجڕاکێش لە دۆخەکەدا، ئەو مووچەیەیە کە فیدراسیۆنە بەرازیلییەکە ئامادەیە بیداتە ئەنچێلۆتی، لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
میدیای وڵاتەکە دەڵێن، بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە، ئەنچێلۆتی دەبێتە خاوەن بەرزترین مووچەی راهێنەران لە نێو جیهانی تۆپی پێدا.
ماڵپەری 'ئەی ئێس بی ئن'ی ئەمریکی لای خۆیەوە ئاشکرایکردووە، ئەنچێلۆتی دەبێتە خاوەن بەرزترین مووچە لە مێژوودا، چونکە لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکەی، مووچەی ساڵانەی دەبێتە 40 ملیۆن یۆرۆ، لە کاتێکدا ئێستا ساڵانە تەنیا 11 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
ئەنچێلۆتی لە مووچە نوێیەکەیدا، پێش هەریەکە لە پێپ گواردیۆلا راهێنەری مانچێستەر سیتی و دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکەوێت، کە هەردووکیان ساڵانە نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ مووچە لە یانەکانیان وەردەگرن.
وەک سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دەیەوێت بەزیادکردنی مووچەی ئەو راهێنەرە، ئەنچێلۆتی هان بدات بۆ هەوڵدان لەپێناو بردنەوەی شەشەم نازناوی مۆندیال بۆ بەرازیل و کۆتایی هێنان بە ساڵانی زۆری چاوەڕوانی لەپێناو بردنەوەی نازناوێکی دیکەی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە.
ئەنچێلۆتی تاوەکو ئێستا لە هەشت یاریدا سەرپەرشتی هەڵبژاردەی بەرازیلی کردووە، چوار بردنەوە، دوو یەکسانبوون و دوو دۆڕانی هەبووە.
ئەو راهێنەرە ئیتاڵیە لە مانگی پێنجی ساڵی رابردووەوە مەشقدانی سیلیساوی وەرگرتووە، پاشئەوەی رۆیشتنی خۆی لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی راگەیاند.