لۆفتوس چیک تووشی پێکانێکی سەخت بوو



رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تووشبوونی بە پێکانێکی سەخت لە دەموچاویدا، لۆفتوس چیکی ناوەڕاستکاری یانەی میلان، ناچارە نەشتەرگەری ئەنجام بدات.
 
پێشبینیکراوە، ئەو یاریزانە بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە ماوەی چەندین مانگ لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە و ئەوەش مەترسیی لەسەر بەشداریکردنی لە مۆندیالی داهاتوو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دروستکردووە.
 
لە یاریی میلان بەرامبەر پارما لە هەفتەی 26ی سێری ئا، رۆبن لۆفتوس چیک لە کاتی هەوڵدان بۆ لێدانێکی سەر، بە تووندی لەگەڵ ئێدواردۆ کۆرڤی گۆڵپارێزی تیپی بەرامبەر بەریەککەوتن. گۆڵپارێزەکەی پارما لە جیاتی تۆپەکە، بە تووندی کێشای بە شەویلگەی لۆفتوس چیکدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یاریزانە ئینگلیزییەکە چەند ددانێکی بپەڕێت و بە دەستەبەرە لە یاریگا ببرێتە دەرەوە. بەپێی پشکنینە پزیشکییەکان، شەویلگەی یاریزانەکە شکاوە و پێویستی بە نەشتەرگەری بەپەلە دەبێت.
 
نەهامەتییەکانی میلان لە شەوەکەدا، تەنیا لە دەستدانی ئەو یاریزانە نەبوو، بەڵکو یارییەکە لە بەرژەوەندیی پارما بەگۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
 
بەهۆی سەختیی پێکانەکەوە، پێشبینی دەکرێت لۆفتوس چیک بۆ ماوەی چەند مانگێک لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە. ئەم هەواڵە گورزێکی کوشندەیە بۆ خەونەکانی ئەو یاریزانە 29 ساڵە، چونکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناتوانێت لە لیستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بێت بۆ مۆندیالی 2026. 
 
چیک ئەم وەرزە یەکێک بوو لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئالێگری و لە 27 یارییدا 3 گۆڵی تۆمار کردبوو، ئەو ئاستە بەرزەشی وایکرد تۆماس توخێل دوای 6 ساڵ جارێکی دیکە بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بکاتەوە.
 
میلان ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی سێری ئا دێت و بە جیاوازی 10 خاڵ لە دوای ئینتەری رکابەریەتی. لەدەستدانی یاریزانێکی فیزیکی و تەکنیکی وەک لۆفتوس چیک لەم کاتە هەستیارەدا، کارەکانی ئالێگری قورستر دەکات.