هۆکاری دابەزینی ئاستی ئێمباپێ ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدرید، بە قۆناخێکی خراپدا تێدەپەڕێت؛ یاریزانە فەرەنسییەکە لەسەر یاریگە ئامادەیە، بەڵام بێ کاریگەرییە و ئاستێکی لاواز پێشکەش دەکات. دوایین دەرکەوتنی شەممەی رابردوو بوو لە کاتی شکستی 1-2 بەرامبەر ئۆساسونا لە هەفتەی 25ـی لالیگا.
ئامارەکانی ئێمباپێ لە یارییەکەی ئۆساسونا دەریدەخەن کە ئەو تەنیا ناو بووە لەنێو یاریگە؛ هەلێکی مسۆگەری گۆڵی لەدەستدا، هیچ هەلێکی بۆ هاوڕێکانی دروست نەکرد، تەنیا یەک پاسی پانی هەبوو کە سەرکەوتوو نەبوو، و هیچ بڕینێکی سەرکەوتووی ئەنجام نەدا. ئەو ئامارەی کە زیاتر لە هەموو شتێک خراپی ئێمباپێ لەو یارییەدا دەسەلمێنێت، ئەوەیە کە11 جار لە یاریگای ئێل سادار تۆپی لێ سەندراوە.
یاریزانە فەرەنسییەکە هۆکاری راستەوخۆی لەدەستدانی خاڵەکانی ئەو یارییە بوو، دوای ئەوەی لە خولەکی 79 هەلێکی زێڕینی لەدەستدا کاتێک ئەنجامەکە 1-1 بوو. ئێمباپێ لە ناوچەی سزادا تۆپێکی وەرگرت و لە دۆخێکی گونجاودا بوو بۆ گۆڵکردن، بەڵام بەرگریکاری ئۆساسونا لە ساتێکی یەکلاکەرەوەدا رێگری لێکرد.
دوای چەند خولەکێک لەم هەلە، ریال مەدرید گۆڵی دووەمی لێکرا و پێشەنگی لالیگای بۆ بارسێلۆنای رکابەری چۆڵکرد، کە بارسا دیارییەکەی قۆستەوە و بە 3-0 لە لیڤانتێ بردەوە و کۆی خاڵەکانی گەیاندە61 خاڵ بەرامبەر 60 خاڵ بۆ یانە شاهانەکە.
سێبەرێکی فەرەنسی و درەوشانەوەیەکی بەرازیلی
دوای یارییەکە، ئێمباپێ کەوتە ژێر هێرشی تووندی رۆژنامەکانی مەدرید؛ رۆژنامەی ئەی ئێس بە 'سێبەر' لەناو یاریگەدا ناویبرد. رۆژنامەی مارکاش داوای لێکرد وانە لە ڤینیسیۆس جۆنیۆری هاوڕێی وەربگرێت و ئاماژەی بە جوڵە نایابەکانی یاریزانە بەرازیلییەکە کرد لە کاتی تۆمارکردنی گۆڵەکەیدا، کە چۆن وەک هێرشبەرێکی سەرەڕمچووە ناوچەی سزا بۆ وەرگرتنی تۆپەکەی ڤالڤێردی؛ ئەمەش وەک وانەیەکی پراکتیکی بۆ ئێمباپێ لە قەڵەم درا.
هیچ شتێک وەک ئێمباپێ هاندەران نیگەران ناکات
رۆژنامەی ئەی ئێس لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ شتێک بەقەد ئاستی ئێستای ئێمباپێ هاندەرانی ریال نیگەران ناکات. رۆژنامەکە دەڵێت "دوای ئەوەی وەرزێکی نموونەیی هەبوو، ئێستا نیشانەکانی پاشەکشەی لێدەرکەوتووە، لەوەش خراپتر ئەوەیە کە تووشی جۆرێک لە لاوازی جەستەیی بووە کە لەوانەیە لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی وەرزدا باجەکەی قورس بێت".
بێبەشبوون هۆکاری تێکچوونی ئاستی ئێمباپێیە
رۆژنامەی مارکا هۆکاری ئەم پاشەکشە تووندەی ئاستی ئێمباپێی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە لە گرنگترین چەکەکانی بێبەش کراوە. روونی کردووەتەوە کە ئێمباپێ بەشێوەیەکی ئاسایی پشت بەخێراییە زۆرەکەی دەبەستێت لە پشت بەرگریکارانەوە، بەڵام پێکانەکەی ئەژنۆی توانای خێراییەکەی کەم کردووەتەوە، ئەمەش وایلێدەکات لە هێرشە هەڵگەڕاوەکاندا مەترسی کەمتر بێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەمەدا، ئێمباپێ شێوازی یاریکردنی گۆڕیوە و ناچارە بێتە دواوە بۆ ناوەڕاستی یاریگە بۆ وەرگرتنی تۆپ، لەجیاتی ئەوەی بەردەوام لە پشت بەرگری تیپی رکابەر بێت، ئەمەش هەلی گۆڵتۆمارکردنی راستەوخۆی کەم دەکاتەوە.
رۆژنامەکە جەختی کردووەتەوە کە یاریزانە فەرەنسییەکە بەوریاییەوە یاری دەکات بۆ ئەوەی پێکانەکەی تەشەنە نەکات، ئەمەش لە بڕیارەکانیدا لەسەر یاریگە بەڕوونی دەردەکەوێت.