لاپۆرتا: مێسی نەیهێشت تەوقەی لەگەڵ بکەم


رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا، ئاشکرایکردووە لە ئاهەنگی باڵۆندۆری 2023 چووەتە لای مێسی بۆ ئەوەی تەوقەی لەگەڵ بکات، بەڵام ئەو یاریزانە رەتیکردووەتەوە.
 
پەیوەندییەکانی مێسی و لاپۆرتا لە دوای نوێنەکردنەوەی گرێبەستی مێسی لە هاوینی 2021 پچڕان، پاشئەوەی دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکە شکستیان هێنا، لە کاتێکدا لاپۆرتا چەند مانگێکی کەمبوو بۆ دووەمجار لە ژیانیدا، بووبووەوە بە سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە.
 
لاپۆرتا لەسەرەتای ئەم مانگەدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی یانەکە راگەیاند، لەپێناو رێگەخۆشکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی یانەکە، بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی بارسێلۆنا.
 
مێسی و باوکی، کە بەڕێوەبەری کارەکانی کوڕەکەیەتی، ناکۆکیی ئاشکرا لەنێوانیاندا سەریهەڵدا. سەرۆکی ئەوکاتی بارسێلۆنا بەبەرپرسیاری یەکەمی رۆیشتنی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە لە یانەکە دانرا.
 
لاپۆرتا کە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی یانە کەتەلۆنییەکە بەربژێرکردووەتەوە، وایداناوە پەیوەندی ئەو لەگەڵ مێسی، "زیانی بەرکەوتووە". 
 
مێسی لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا لە هاوینی 2021، بەخەمباری دەرکەوت و زۆر گریا، رۆژی دواتر پەیوەندیکردنی بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی راگەیاند، بەرلەوەی دوای دوو ساڵ، ئەو یانەیە، بەرەو ئینتەرمەیامیی ئەمریکی بەجێبهێڵێت.
 
لاپۆرتا دەڵێ، "پەیوەندیم لەگەڵ مێسی وەک پێشوو نەماوە، رووداوێکیش لە ئاهەنگی باڵۆندۆر روویدا، چوومە لای بۆ ئەوەی تەوقەی لەگەڵ بکەم، بەڵام ئەو وای بەباش زانی کە سڵاو لە یەکدی نەکەین، لەوکاتەوە ئیدی هەندێک هەوڵدان بۆ لێکنزیکبوونەوە هەبوو، هیوادارم لە داهاتوودا ئەنجامی هەبێت. پەیوەندییەکەمان زیانی بەرکەوتووە، بەڵام ئەو هەر بە ئەفسانەی بارسێلۆنا دەمێنێتەوە".
 
میدیاکان وای لێکدەدەنەوە لاپۆرتا، مێسی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کورسیی سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا بەدەست بهێنێتەوە، چونکە ئەو بەڵێنی بە دەنگدەرانی یانەکەی دابوو، گرێبەستی مێسی نوێبکاتەوە، ئەگەر دەنگی پێبدەن بۆ بوونەوە بەسەرۆکی یانەکە.
 
لاپۆرتا لە گرتەیەکی پێش هەڵبژاردنەکاندا، تەنانەت باوەشی بەپەیکەرێکدا کرد کە درێسی مێسی پۆشیووە و ماچی کرد.
 
لاپۆرتا، هەروەها باسی وێنەی مێسی کردووە لە نێو کامپ نوی نوێ، کاتێک ئەو یاریزانە شەوێک بەبێ ئاگاداریی کەس، گەڕایەوە بۆ یاریگەی یانەکەی.
 
بەربژێرەکەی سەرۆکایەتیی بارسا دەڵێ، "دەمزانی ئەو لە بارسێلۆنایە، چونکە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لێرەبوو، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەم لەبارەیەوە نەبوو، روونە کە ئەگەر مێسی بیەوێت سەردانی کامپ نو بکات و بچێتە نێو یاریگەکەوە، دەبێ رێگەی پێبدرێت بۆ ئەو کارە، چونکە ماڵی ئەوە و لە کۆتاییشدا هەرئەوە روویدا".
 
لاپۆرتا دووپاتیکردووەتەوە، "لیۆ شایستەی ئەوەیە لە کامپ نودا پەیکەرێکی بۆ دروست بکرێت، وەکئەوەی بۆ کرۆیف و کوبالا دروستکراوە".
 
ئەو دەڵێ، "ئەو شایستەی رێزلێنانێکی تایبەتە، پێموایە کاتی گونجاو بۆ ئەو رێزلێنانە ئەوکاتەیە کە یاریگەکە بەتەواوی ئامادە دەبێت و نۆژەنکردنەوەی تەواو دەبێت، ئەوکات ئیدی 100 هەزار کەس دەتوانن ئامادەبن".
 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا، مێسی لە بەرامبەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ لاپۆرتا بێدەنگیی هەڵبژاردووە، بەڵام هەندێک سەرچاوە ئاشکرایانکردووە ئەو ئەفسانەیەی یانەکە، ویستی پشتگیریکردنی رکابەرەکانی لاپۆرتای هەیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی مانگی داهاتوو، بەڵام هەندێک سەرچاوە دووپاتیدەکەنەوە، مێسی بڕیاریداوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان نەکات و پشتگیریی هیچکام لە بەربژێرەکان نەکات.