لاپۆرتا: بارسێلۆنام رزگارکرد

رووداو دیجیتاڵ


خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند کە توانیویەتی یانە کەتەلۆنییەکە لە مایەپوچبوون رزگاربکات.
 
لاپۆرتا، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی کەتەلۆنیا، کە رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، گوتی "بارسێلۆنامان لە مایەپوچبوون رزگارکرد، هەروەها لەو رەوتە مەدریدییەی کە بە تووندی گوشاری لێ دەکردین".
 
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "سەبارەت بە بارتۆمیۆ، ئەو ئامرازێکی بەسوود بوو بۆ ئەو رەوتە مەدریدییە، ئەوەش بەهۆی ئەو بڕە مووچە زۆرەی یاریزانان کە دروستی کردبوو".
 
سەبارەت بە بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی، گوتی "ئێمە خاوەن زۆرترین ئەزموونین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی کامپ نو کە دەستمان پێکردووە، یانەکە لەڕووی ئابوورییەوە چاک بووەتەوە، متمانەمان بە سەرکەوتن هەیە لەگەڵ فلیک و دیکۆ".
 
هەوڵدان بۆ شێواندنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە بارسێلۆنا 
 
لاپۆرتا گوتی "پەرتووکێکمان بە ناونیشانی 'بەمشێوەیە بارسێلۆنامان رزگارکرد' بڵاوکردەوە، کە بیرۆکەی جاومی رۆیرێس بوو".
 
هەروەها گوتی "پەرتووکەکە باسی ئەوە دەکات چۆن بارسێلۆنامان رزگارکرد، ئەوانە ساتە زۆر سەختەکان بوون و پێموابوو گرنگە هاندەران بزانن چۆن ئەوەمان ئەنجامدا".
 
هەروەها وەک وەڵامێک بۆ ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن لاپۆرتا پارەی سپی کردووەتەوە گوتی "خوێندنەوەی رۆژنامەی 'ئێل پێریۆدیکۆ'م نییە" (وەک ئاماژەیەک بۆ هەواڵی سکاڵای سپیکردنەوەی پارە).
 
جەختیشی کردەوە "ئەو هەڵمەتانەی بۆ ناوزڕاندن دەکرێن، راپۆرتیان لەسەر دەدرێت، ماوەیەکە هەوڵ دەدەن پرۆسەی هەڵبژاردن و بارسێلۆنا تێک بدەن".
 
لاپۆرتا لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رادیۆی کەتەلۆنیا گوتی "ئەگەر بەرزکەرەوە داراییەکان نەبووایە، بارسێلۆنا دەڕووخا، دەبوو چارەسەری داهێنەرانە بدۆزینەوە تاوەکو لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بارگرانی نەخەینە سەر شانی ئەندامانی یانەکە".
 
هەروەها گوتی "کاتێک هاتین، داوای 200 ملیۆن یۆرۆمان لێ دەکرا، ئەمەش وایلێکردین پەنا ببەین بۆ بەرزکەرەوە داراییەکان بۆ دابینکردنی ئەو بڕە بارەیە".
 
لە کۆتاییدا گوتی "بەهۆی سوپەرلیگەوە، سیستمی چامپیۆنزلیگ گۆڕا و هەندێک دەستکەوتمان هەبوو، ئێمە لایەنی لاوازین بەهۆی سنووردارکردنی 'یاریی خاوێنی دارایی' لە ئیسپانیادا، بەڵام پێموایە ئەنجامی کۆتایی ئەرێنییە".