راپۆرتی ناوبژیوانەکەی دێربیی مەدرید مەترسی دەخاتە سەر ڤاڵڤێردی

رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتی ناوبژیوانی یاریی دێربیی لەنێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید مەترسی دەخاتە سەر  فێدێریکۆ ڤالڤێردی و ئەگەر هەیە سزایەکی تووند بدرێت.
 
فیدی ڤاڵڤێردی ئۆرۆگوایی، یاریزانی ریال مەدرید، بەتووڕەییەوە یاریگای دێربی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید جێهێشت، ئەمەش بەهۆی وەرگرتنی کارتی سووری راستەوخۆ کە تیپەکەی پێش کۆتایی هاتنی یارییەکە خستە بارودۆخێکی قورسەوە.
 
لە گەڕی 29ـی خولی ئیسپانی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر سەرکردایەتی ریال مەدریدی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەئەنجامی 3-2 گۆڵەکانی ریال مەدرید لەلایەن ڤینیسیۆس جۆنیۆر (دوو گۆڵ، یەکێکیان بە لێدانی سزا) و فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی تۆمارکران، لە بەرامبەردا ئەدیمۆلا لوکمان و ناهوێل مۆلینا دوو گۆڵەکەی ئاتلێتیکۆیان تۆمارکرد.
 
بەو ئەنجامە، ریال مەدرید خاڵەکانی گەیاندە 69 خاڵ لە پلەی دووەمی لالیگا و بەجیاوازی 4 خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگە، لە کاتێکدا ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 57 خاڵ لە پلەی چوارەمدا مایەوە.
 
سزای چاوەڕوانکراو 
 
لە خولەکی 77، ریال مەدرید گورزێکی بەهێزی بەرکەوت دوای ئەوەی ناوبژیوان کارتی سووری راستەوخۆی بەڕووی ڤاڵڤێردیدا بەرزکردەوە بەهۆی تێوەگلانی لە لێدانێکی بەهێز لە قاچی یاریزانی بەرامبەر.
 
رۆژنامەی مارکا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤالڤێردی تەنیا بەهۆی دەرکردنی لە یارییەکە و بێبەشبوونی لە یاریی داهاتوو بەرامبەر مایۆرکا تووڕە نەبووە، بەڵکو دوای خوێندنەوەی راپۆرتی ناوبژیوان  مونوێرا مۆنتێرۆ، دەرکەوتووە کە لەوانەیە سزاکە قورستر بێت.
 
ناوبژیوان لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی "لە خولەکی 77 یاریزان ڤاڵڤێردی دەرکرا بەهۆی ئەم هۆکارە؛ لێدان لە یاریزانی بەرامبەر، بەبێ ئەوەی تۆپەکە لە مەودای یاریکردندا بێت، بە بەکارهێنانی هێزێکی لەڕادەبەدەر".
 
بەپێی دەستەواژەی "بەبێ ئەوەی تۆپەکە لە مەودای یاریکردندا بێت"، ئەگەری هەیە ڤالڤێردی بۆ 2 یاری رابگیرێت. بەمەش نەک هەر یاری مایۆرکا لە گەڕی 30، بەڵکو یاری بەرامبەر جیرۆنا لە سانتیاگۆ برنابیۆ لە گەڕی 31یش لەدەست دەدات.
 
ریال مەدرید کە لەڕێگەی میدیاکانی خۆیەوە رەخنەی تووندی لە کارتە سوورەکە گرتووە، بڕیارە تانە لە سزاکە بگرێت کاتێک بەفەرمی رادەگەیێنرێت.
 
ناوبژیوان مونویرا مۆنتێرۆ لە ناو یاریگادا هۆکاری بڕیارەکەی بۆ ئەربێلۆا ڕوونکردەوە و وتی: "ئەو لە دواوە هات، یاری بە تۆپەکە نەکرد، تەنها مەبەستی ئەوە بوو یاریزانەکە بخات بە هێزێکی زۆر."