ئیمپڕاتۆر دەیەوێت بەبێ شێرزوود پێشەنگی وەربگرێتەوە

رووداو دیجیتال 

لە یارییەکی دواخراوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بڕیارە ئەمشەو کاژێر 19:30 یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی دیالە بکات، یارییەکە بەبڕیاری لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بەڕێوەدەچێت.
 
یانەی هەولێر لە باشترین دۆخدایە و بەسەرپەرشتی باسم قاسم، گەورە راهێنەری عێراق چوار یاریی رابردووی بەسەرکەوتنی خۆی تەواوکردووە، ئێستا تیپەکە خاوەن 46 خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە، بردنەوە لە یارییەکەی ئەمڕۆ راستەوخۆ یانەی هەولێر دەباتە پلەی دووەمی ریزبەندی، لەبەرئەوەی خاڵەکانی هاوتای یانەی شورتە دەبێت و بەهۆی ئەوەی یانەی هەولێر پێشتر لە شورتەی بردووەتەوە، درێس زەردەکانی قەڵا و منارە پلەی دووەم وەردەگرن. 
 
بەهۆی یارییەکانی هەفتەی فیفاوە، شێرزوود تێمیرۆڤ ئەستێرەی یانەی هەولێر و گۆڵکاری خولی ئەستێرەکانی عێراق کە 20 گۆڵی تۆمارکردووە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان کراوە، لە سێ یاریی داهاتووی یانەی هەولێر بەشداریی ناکات، کۆمەیل سەعدیش، گۆڵپارێزی لاوی هەولێر بەهۆی پابەندبوونی بە هەڵبژاردەی عێراق لە مەکسیکە. 
 
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "چاوممان لە ئەنجامێکی باشە، بەڵام ئەرکمان ئاسان نییە، چونکە یانەی دیالە تیپێکی بەهێزە و شێوازیی یاریکردنی تەکتیکی لە رووی بەرگرییەوە زۆر بەرزە، بەهیوام یارینەکردنی شێرزوود تێمیرۆڤ بۆشایی دروست نەکات، ئەو یاریزانە زۆر حەزیکرد کە دوای یاریی دیالە گەشت بکات، بەڵام راهێنەر و بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەی داوایانکرد کە لە کاتێکی زوو پەیوەندییان پێوە بکات، ئێمەش دەمانەوێت بەختی بەشداریکردنی لە مۆندیال لە دەست نەدات، دیارە کۆمەیل سەعدی گۆڵپارێزیش لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقە. بەڵام بەهیوایەکی گەورە سەیری ئاستبەرزی یاریزانەکانی دیکە دەکەین و متمانەی زۆرمان پێیان هەیە ".
 
پێشتر یانەی هەولێر ئاشکرایکرد کە یارییەکە بە ئامادەبوونی هاندەران دەبێت، بەڵام لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای هەولێر بڕیاریدا کە یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەر بێت. 
 
جیا لە شێرزوود تێمیرۆڤ و کومەیل سەعدی، مستەفا قابیل ئەستێرەی لاوی یانەی هەولێر بەهۆی پێکان لە ماسوولکەی رانی لە یاریکردن دوورکەوتووەتەوە و ناتوانێت بەشداریی یارییەکە بکات، ئێستا ئەو ئەستێرەیە لە قۆناخی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکییە.