ئەمڕۆ کێ شوێنگرەوەی شێرزوودە؟

رووداو هەولێر 

شێرزوود تێمیرۆڤ، ئەو ئەستێرە ناوازەیەی کە بە تەنیا سێبەشی گۆڵەکانی یانەی هەولێری لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق تۆمارکردووە، بەڵام ئەو ئەستێرەیە بەهۆی پابەندبوونی بە هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان سێ یاریی ناتوانێت لەگەڵ هەولێر بێت و چاوەڕوان دەکرێت مایکۆل کابرێرا، هێرشبەری ئۆرۆگوایی شوێنگرەوەی بێت. 
 
شێرەکەی هەولێر گۆڵکاری وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقە بە تۆمارکردنی 20 گۆڵ، ئەوە لە کاتێکدایە یانەی هەولێر 32 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەو هێرشبەرە ئۆزبەکستانییە بووەتە بابەتی گەرمی هەموو میدیای عێراق، ئێستاش کە لە ریزی یانەی هەولێر نییە، جارێکی دیکە بابەتی گەرمی هاندەرانی یانەکە و میدیاکانە.
 
جیا لە شێرزوود تێمیرۆڤ کە لە یارییەکانی یانەی هەولێر بەرامبەر یانەکانی دیالە، نەفتی میسان و زەورا ناتوانێت یاری بکات، مستەفا قابیلیش بەهۆی پێکان ناتوانێت یاری بکات، ئەو ئەستێرە لاوە باشترینی وەرزی ئەمساڵە لە ئاستی لاوان کە پێنج گۆڵ و سێ ئەسیستی هەیە، ئێستا مستەفا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە بەهۆی تەقینی ماسوولکەکانی بەشی پێشەوەی رانی.
 
هەریەک لە زولفەقار یونس عەبد عەلی لەگەڵ مایکۆل کابرێرا، دوو هێرشبەری یانەی هەولێرن کە بتوانن لە شوێنی شێرزوود و مستەفا یاری بکەن. 
 
سەرچاوەیەک لەنێو یانەی هەولێر ئاشکرایکرد "تەواوی یاریزانانەکان لە ئامادەباشیدان و چاوەڕواندەکرێت کاپتن باسم قاسم راهێنەر زیاتر لە یارییەکەمان بەرامبەر دیالە پشت بە مایکۆل کابرێرا وەک هێرشبەری سەرەڕم ببەستێت".
 
مایکۆل کابرێرا، هێرشبەری ئۆرۆگوایی لە گواستنەوەی زستانە گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر واژۆکرد، هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە و زولفەقار عەبد عەلی، یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراقە و دوو گۆڵی بۆ یانەی هەولێر تۆمارکردووە.