فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق: هیواخوازبووین یاریگەکانی کوردستان بە جوانی بمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای شەڕ و ئاژاوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ، لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەڵێت "هیواخوازبووین یاریگەکانی کوردستان بە جوانی بمێننەوە."
لە گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ لە سلێمانی رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا، شەڕ و ئاژاوە لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانە روویدا و 30 کەس بەو هۆیەوە بریندار بوون.
دوای زیاتر لە دوو کاژێر لە تەواوبوونی یارییەکە، ئەو هاندەرانەی برینداربوون نەخۆشخانەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە ماڵەکانیان.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، دوای ئەو رووداوانە هاتە سەرهێڵ و دەڵێت "نیگەرانیی قوڵی خۆمان بەهۆی ئەو رووداوانەوە پێشاندەدەین کە لە یاریی نێوان نەورۆز و زاخۆ روویاندا، هیواخوازبووین ئەو سۆز و سەرنجڕاکێشییەی لە یاریگەکانی هەرێمی کوردستان لە ئامادەبوونی هاندەراندا هەبوو بەردەوامبێت، بەڵام ئەوەی روویدا پێشێلکارییەکی راستەقینەی ئەو پەیامە بەرزانەیە کە ئێمە هەوڵی چەسپاندنی دەدەین لە گۆڕەپانەکەدا."
فیدراسیۆنەکە دەڵێت "لە کاتێکدا نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر ئەو رووداوانە پێشاندەدەین، دووپاتیدەکەینەوە بە تووندی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو رووداوانە دەکەین لە یاریگەکاندا روودەدەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووبارەنەبنەوە و لە رێگەی راپۆرتی سەرپەرشتیاری یارییەکەوە بە دواداچوونی زیاتر بۆ رووداوەکانی یارییەکە دەکەین."
هەر بەهۆی ئەو رووداوانەوە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە و بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی یاریگەی نەورۆز بکات بۆ ئەوەی لە هۆکاری ئەو شەڕە بکۆڵێتەوە.
یاریی نێوان هەردوو یانە لە خولەکی 84 بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ راگیرا، دیار نییە یارییەکە تەواو دەکرێت یان لە بەرژەوەندی یانەیەکیان یەکلادەکرێتەوە.
بێستوون ئەکرەم، سەرپەرشتیاری یارییەکە بە رووداوی گوت "زۆر هەوڵماندا بارودۆخەکە ئارامبکەینەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە یارییەکە دەستپێبکاتەوە، بەڵام پۆلیسیش نەیتوانی هاندەران کۆنتڕۆڵ بکات و لەگەڵ ناوبژیوان گەیشتینە ئەو بڕیارەی کە یارییەکە تەواو نەکرێت."
چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لایەنی کەمتەرخەم لە یاریی نێوان هەردوو یانە سزابدات و ئەگەری هەیە چەند یارییەکی نەورۆز بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبچن و هەردوو یانەش بەپێبژاردنی دارایی سزابدرێت.